لەتیف رەشید: نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری لە نێوان بەغدا و هەرێمی کوردستان دروستکردووە
وێستگەنیوز_
د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عیراق رایگەیاند، نەبوونی یاسای نەوت و گاز کێشەی زۆری لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستان و پارێزگاکاندا دروست کردووە؛ و بە تێپەڕاندنی یاساکە کێشەکان چارەسەر دەبن.
د. لەتیف رەشید لە میانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی "الشرق" باسی لە دوایین پێشهاتەکانی عیراق و هەرێمی کوردستان و رۆژهەڵاتی ناوەڕاست کرد و رایگەیاند، کاردەکەن بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە بەڕێوەبردن و بواری دارایی و هەنگاوی گرنگیان ناوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ماددەی هۆشبەر.
سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی پێنج مانگی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقەوە دەڵێت: "خوازیاری سەرکەوتنی هەڵبژاردنین، هەروەها سەرجەم لایەنە سیاسییەکان بەشداری تێدا بکەن و ئەنجامەکانی نوێنەرایەتی عیراقییەکان بکات، هاوکات بە پاکی و ڕوونی بەڕێوەبچێت".
هەروەها لەبارەی بەڕێوەچوونی لوتکەی وڵاتانی عەرەبی لە بەغدا باسی لەوەکرد، بەڕێوەچوونی لوتکەکە لە بەغدا گرنگە بۆ چارەسەری گرفتەکانی فەڵەستین و سودان و لوبنان و سووریا، کە لە لوتکەکەدا لێیان دەکۆڵرێتەوە و بڕیار و راسپاردەی تایبەتیان بۆ دەردەکرێت.
وتیشی، گەلی فەڵەستین پێویستی بە پاڵپشتی هەمووان هەیە، گرنگە کۆتایی بە کوشتار بهێنرێت و پێداویستی و هاوکارییە مرۆیی و تەندروستییەکانیان پێ بگەیەنرێت، هەروەها مافەکانیان دەستەبەر بکرێت.
ئەوەشی خستە روو، "پێشوازی لە هەڵگرتنی سزاکانی سەر سووریا دەکەین، بانگهێشتنامەی فەرمیمان بۆ ئەحمەد شەرع، سەرۆکی قۆناغی راگوزەری سووریا ناردووە بۆ بەشداریکردن لە لوتکەی عەرەبی".
هاوکات، "هیوای ئاسایش و سەقامگیری بۆ گەلی سووریا دەخوازین و بەئومێدین سیستمێکی دیموکراسی هەبێت کە نوێنەرایەتی سەرجەم پێکهاتەکانی سووریا بکات".
سەرۆک کۆمار پێشوازی لە دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران دەکات و دووپاتی کردەوە کە، "وەک عێراق ێشوازی لە دانوستانی نێوان ئەو دوو وڵاتە دەکەین، پشتیوانی لە سەرکەوتنیان دەکەین و ئامادەین هەموو هەوڵێک بدەین بۆ سەرخستنی و گەیاندنی بە ئەنجامێکی ئەرێنی".
PM:12:15:16/05/2025
ئهم بابهته 736
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت