سودانی سەردانی تورکیا دەکات و لەگەڵ ئەردۆغان کۆدەبێتەوە


وێستگەنیوز-

لەلایەن رەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیایەوە بە فەرمی بانگهێشتی سەرۆک وەزیرانی عێراق کراوە بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریکاری باڵای ستراتیژی ئاست بەرز.


نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، ئەمڕۆ پێنجشەممە 17ی نیسانی 2025، بانگهێشتنامەیەکی فەرمی لە لایەن سەرۆک کۆماری تورکیاوە پێگەیشت بۆ بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی هاریکاری باڵای ستراتیژی ئاست بەرز کە بڕیارە لە مانگی ئایاری داهاتوو لە تورکیا بەڕێوەبچێت.

هەر بەپێی راگەیەندراوی نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق بێت، سودانی جەختی لەسەر وەڵامدانەوەی بانگهێشتنامەکە کردەوە و ئاماژەی بە بایەخدانی حکومەت کرد بۆ بەردەوامی پەیوەندییەکان لەگەڵ تورکیا کە لە چەند ئاستێکی جیادا گەشە بەخۆوە دەبینێت.

ئاماژە بەوەکراوە، سودانی فەرمانی ئامادەکردنی دۆسیە هاوبەشەکانی کردووە، کە بوارەکانی ئاسایش و ئاو و پیشەسازی و پیشەسازی سەربازی و وزە و گواستنەوە و بازرگانی و خوێندنی باڵا و چەند دۆسییەکی تر لەخۆ دەگرێت، بۆ ئەوەی دەرئەنجامەکان بەشێوەیەک یەکبخرێن کە هاوکارییەکان بەهێزتر بکەن و بەرژەوەندییە باڵاکانی هەردوو وڵات بەدەست بهێنێت.


PM:06:06:17/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت