موقته‌دا سه‌در خۆپیشاندانه‌كه‌ی هه‌ینی دواخست
وێستگه‌نیوز-
موقته‌دا سه‌در رێبه‌ری ره‌وتی نیشتیمانیی شیعه، بڕیاری دا ئه‌و خۆپیشاندانه‌ی كه داوای كردبوو رۆژی هه‌ینی دژی ئیسرائیل بكرێت، بۆ كاتێكی دیكه دوابخرێت.
ساڵح محه‌مه‌د عێراقی، كه‌سی نزیكی موقته‌دا سه‌در، له زاری سه‌دره‌وه راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه و تیایدا ده‌ڵێت: "بۆ ئه‌وه‌ی نه‌بنه به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی هه‌وڵه سیاسییه‌كان ده‌رباره‌ی دۆسیه‌ی فه‌ڵه‌ستین، له به‌رژه‌وه‌ندی ئێمه‌دایه خۆپیشاندانه‌كانی هه‌ینی دوا بخه‌ین تا كاتێكی دیكه".
سه‌ره‌تای ئه‌م هه‌فته‌یه، سه‌در داوای له لایه‌نگرانی كرد خۆپیشاندانێكی ئاشتیانه و "توڕه" بۆ ئیدانه‌كردنی ئۆپه‌راسیۆنه سه‌ربازییه به‌رده‌وامه‌كانی ئیسرائیل له كه‌رتی غه‌ززه ئه‌نجام بده‌ن.
له به‌یاننامه‌یه‌كدا موقته‌دا سه‌در داوایكردبوو كه خۆپیشاندانی لایه‌نگرانی له نوێژی هه‌ینی و له شوێنی دیاریكراو له پارێزگاكانی عێراق بكرێت.
ڕێبه‌ری ڕه‌وتی سه‌در فه‌رمانیشی كردبوو، "له كاتی خۆپیشاندانه‌كه‌دا ئاڵای ئیسرائیل و ئه‌مریكا بسووتێنن، جگه له ئاڵای فه‌له‌ستین و عێراق هیچ ئاڵایه‌كی دیكه‌ش به‌رز نه‌كرێته‌وه".
PM:03:42:15/04/2025
ئه‌م بابه‌ته 316
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت