دواکەوتنی مووچە و بەرزبوونەوەی دۆلار لەپێش عێراقییەکانە.. دابەزینی نرخی نەوت چی لە ئابووری عێراق دەکات؟
وێستگەنیوز_
نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەکان گەیشتووەتە کەمتر لەو نرخەی حکوومەتی عێراق لە بودجەدا دیاری کردووە و "دابەزینی نرخی نەوت بۆ خوار 70 دۆلار، دەبێتە هەڕەشەیەکی گەورە و حکومەتی عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی ناچارە، بەرهەمهێنانی نەوت زیاتر بکات."
حکوومەتی عێراق بۆ چارەی ئەو کورتهێنانەی بەهۆی دابەزینی نرخی نەوتەوە ڕووبەڕووی بووەتەوە، ناچارە بەهای دۆلار بەرزبکاتەوە یاخوود پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی ببات.
دۆخی دارایی عێراق گەیشتووەتە ئاستێک کەس ئاواتی پێناخوازێت، نرخی نەوت لە دەوروبەری 65 دۆلار یاریی دەکات، ئەمەش کەمترە لەو نرخەی لە بودجەدا بۆ هەر بەرمیلێک دیاری کراوە، ئەم ناسەقامگیرییەی نرخ، ترسی لای چاودێران دروست کردووە و دەڵێن: گەر دۆخەکە وا بڕوات، عێراق بۆ قەرەبووکردنەوەی دابەزینی نرخی نەوت ناچارە بەرهەمهێنان زیاد بکات.
سەڵاح بوشی، چاودێری ئابووری و نەوت سەبارەت بەم دۆخە دەڵێت: ئاڵنگارییەکانی بەردەم حکومەتی عێراق دارایی دەبن و دەبنە هۆی لاوازیی دامەزراوە و کەرتە ئابوورییەکان، ئەم دۆخەی ئێستا هاتووەتە پێشەوە پێویستی بە ستراتیجییەکی وردە بۆ ڕزگاربوون لێی. گرنگە حکومەت هەندێک ڕێکاری دیکە بگرێتەبەر لەوانەش زیادکردنی بەرهەمهێنانی نەوت.
ئەوەی تا ئێستا مشتومڕی زۆری لەسەرە؛ پرسی یەدەگی وڵاتە. چاودێران بەدووری دەزانن لەم کاتەدا دەست بۆ یەدەگی فیدراڵی ببرێت، بەڵکو ڕەنگە حکومەت دەست بۆ بەرزکردنەوەی بەهای دۆلار ببات، ئەمەش دەبێتە کارەسات بۆ هاوڵاتیان.
ئەحمەد ئەنساری، ئابووریناس دەڵێت: بەدووری دەزانم حکومەت پەنا بۆ یەدەگی فیدراڵی ببات، چونکە ئەوە یەدەگی ستراتیجییە بۆ دۆخی زۆر هەستیارە، بەڵام ئەگەری هەیە بەهای دۆلار بەرز بکرێتەوە یاخود پەنا بۆ قەرزی ناوخۆیی ببرێت.
هەندێک لە ئابووریناسان پێشبینی ئەوە دەکەن، گەر نرخی نەوت بەردەوام بێت لە دابەزین، ڕەنگە دابەشکردنی مووچە لە 30 ڕۆژەوە بگاتە 40 رۆژ، چونکە کورتهێنان لە داهاتی حکومەت دروست دەبێت.
PM:12:09:10/04/2025
ئهم بابهته 600
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت