ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری دەرکرد


وێستگەنیوز_

ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبووەوە و ژمارەیەک بڕیاری لە بەرژەوەندی مامۆستایان دەرکرد، هەروەها قەدەخەی هاوردەکردنی خواردنەوە گازییەکان و شیرینی بۆ شەش مانگی دیکە درێژکردەوە و گومرگی سەر سابوونیشی زیاد کرد. 
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 8ـی نیسانی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی هەردوو کۆبوونەوەی ئاسایی سێزدەیەم و چواردەیەمی ئەنجوومەنی وەزیران کرد، یەکێکیان قەرەبووی ئەو کۆبوونەوەیە بوو کە بەهۆی پشووی جەژنی رەمەزانەوە نەکرا.
 
ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی دەرکرد:
 
1- بەردەوامبوون لە رێکارەکانی دابەشکردنی زەوی بەسەر ستافە پەروەردەیی و فێرکارییەکان لە بەغدا و هەموو پارێزگاکان؛ پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا بۆ جێبەجێکردنی نووسراوی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران- دەستەی باڵای هەماهەنگی نێوان پارێزگاکان، کە تێیدا رەزامەندی سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیران دراوە لەسەر دروستکردنی کۆمەڵگەی نیشتەجێبوون تایبەت بە ستافی پەروەردەیی و فێرکاری و فەرمانبەرانی وەزارەتی پەروەردە لە بەغدا و پارێزگاکانی دیکە.
 
2- وەزارەتی دارایی کرێی گواستنەوە بۆ سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی خەرج دەکات، کە ئەوەش لە چوارچێوەی بودجەی هەر بەڕێوەبەرایەتییەکی پەروەردەی سەر بە وەزارەت تەرخان دەکرێت.
 
3- وەزارەتی پەروەردە بڕی (100) هەزار دینار بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری کارگێڕی قوتابخانەکان بۆ هەر وەرزێکی خوێندنێک خەرج دەکات.
 
4- هەموو بڕگەکانی یاسای پاراستنی مامۆستا ژمارە (8)ـی ساڵی 2018 کارا دەکرێنەوە.
 
5- سەرژمێری ئەو قوتابخانە دوورانە و ستافە پەروەردەییەکانی ئەو قوتابخانانە بکرێت کە زیاتر لە 100 کیلۆمەتر لە شارەکانەوە دوورن و زانیارییەکە پێشکێشی وەزارەتی پەروەردە بکرێ بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاویان بۆ بدۆزرێتەوە.
 
6- وەزارەتی دارایی لێکۆڵینەوە لە هەژمارکردنی ساڵانی خزمەتی خۆڕایی بۆ مەبەستی دەرماڵە و پلە بەرزکردنەوە دەکات.
 
7- پێدانی قەرزی دارایی بە ستافە پەروەردەیی و فێرکارییەکان لە بانکە حکومییەکان، بە رێژەی سوودی کەم بۆ باشترکردنی ئاستی گوزەرانیان.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاری قەدەغەکردنی هاوردەکردنی شەربەت، خواردنەوە گازییەکان و شیرینییەکان پەسند کرا، ئەوەش بۆ بەردەوامیدان بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیران ژمارە 23571ـی ساڵی 2023 بۆ 6 مانگی دیکە. 
 
لە چوارچێوەی پاراستنی بەرھەمی نیشتمانیدا، ئەنجوومەنی وەزیران ئەم بڕیارانەی خوارەوەی پەسند کرد:
 
1- ھەموارکردنەوەی نرخی خەمڵێندراوی تۆمارکراو لەلایەن دەستەی گشتیی گومرگ بۆ سابوونی رەق، بۆ ئەوەی ببێتە دوو ملیۆن دینار بۆ ھەر تۆنێک، لە جێگەی 528 ھەزار دینار بۆ ھەر تۆنێک.
 
2- سەپاندنی رەسمی گومرگیی زیادە بە رێژەی 20% لەسەر سابوونی ھاوردەکراو، لە ھەموو وڵاتان و شوێنەکانەوە بۆ 4 ساڵ.


PM:09:34:08/04/2025


ئه‌م بابه‌ته 564 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت