حكومه‌تی عێراق ژماره‌یه‌ك بڕیاری له‌به‌رژه‌وه‌ندی مامۆستایان ده‌ركرد
وێستگه‌نیوز-
محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ژماره‌یه‌ك بڕیاری له‌به‌رژه‌وه‌ندی مامۆستایان و فه‌رمانبه‌رانی سه‌ر به‌وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌ركرد و به‌گوێره‌ی یه‌كێك له بڕیاره‌كان، به‌ڕێژه‌یه‌كی كه‌می سود، قه‌رز به‌سه‌رجه‌م فه‌رمانبه‌رانی كه‌رتی په‌روه‌رده و فێركاری ده‌درێت به‌مه‌به‌ستی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی گوزه‌رانیان.
نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه ناوبراو میوانداری سه‌رۆكی سه‌ندیكای مامۆستایانی كرد و ژماره‌یه‌ك بڕیاری له به‌رژه‌وه‌ندی تیمی په‌روه‌رده‌یی و وانه‌وتنه‌وه و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ده‌ركرد.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، رێكاره‌كانی دابه‌شكردنی پارچه زه‌وی به‌سه‌ر تیمی په‌روه‌رده و فێركاری له به‌غدا و پارێزگاكانی دیكه به‌رده‌وام ده‌بن، لیژنه‌یه‌كی باڵاتریش پێكده‌هێندرێت بۆ جێبه‌جێكردنی نوسراوی دیوانی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران/ده‌سه‌ڵاتی باڵای هه‌ماهه‌نگی نێوان پارێزگاكان، كه ڕه‌زامه‌ندی سه‌رۆكی حكومه‌ت له‌خۆده‌گرێت بۆ دروستكردنی گه‌ڕه‌كی نیشته‌جێبون بۆ تیمی په‌روه‌رده و فێركاری و فه‌رمانبه‌رانی وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده.
هاوكات بڕیار درا، وه‌زاره‌تی دارایی كرێی گواستنه‌وه بدات به سه‌رپه‌رشتیارانی په‌روه‌رده‌یی، وه‌ك له بودجه‌ی هه‌ر به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كی په‌روه‌رده‌ی سه‌ر به وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده ته‌رخانكراوه.
ئه‌وه‌شخراوه‌ته‌ڕوو "وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بڕی 100 هه‌زار دینار خه‌رجبكات بۆ به‌ڕێوه‌بردنی كاری به‌ڕێوبه‌رایه‌تی قوتابخانه‌كان، بۆ هه‌ر وه‌رزێكی خوێندن، هه‌روه‌ها بڕیاردرا به چالاككردنی سه‌رجه‌م بڕگه‌كانی یاسای پاراستنی مامۆستایان (8ی ساڵی 2018)".
هه‌ر به‌گوێره‌ی بڕیاره‌كان "قوتابخانه دووره‌كان و كارمه‌ندانی په‌روه‌رده‌یی له‌و قوتابخانانه‌ی كه زیاتر له 100 كیلۆمه‌تر له ناوه‌ندی شاره‌وه دوورن تۆمارده‌كرێن و ناوه‌كانیان پێشكه‌ش به وه‌زاره‌تی په‌روه‌رده بكرێت بۆ دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ری گونجاو بۆیان".
ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی عێراق بڕیاریشی دا وه‌زاره‌تی دارایی لێكۆڵینه‌وه له هه‌ژماركردنی ساڵانی خزمه‌تی خۆڕایی بكات به مه‌به‌ستی پاداشت و پله‌به‌رزكردنه‌وه، بڕیاریشدراوه به پێدانی قه‌رزی دارایی به كارمه‌ندانی په‌روه‌رده و خوێندن له بانكه حكومییه‌كان، به ڕێژه‌ی سودی كه‌م، بۆ باشتركردنی ئاستی بژێویان.
PM:02:56:08/04/2025
ئه‌م بابه‌ته 2280
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت