مه‌ریوان قه‌ره‌نی: ده‌ركردنی یاسایه‌كی تازه بۆ حه‌شدی شه‌عبی، عێراق ده‌خاته نێو گێژاوه گه‌وره‌كه‌وه
وێستگه‌نیوز-
مه‌ریوان قه‌ره‌نی ئه‌ندامی ليژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق له‌سه‌ر فراكسیۆنی پارتی رایگه‌یاند كه "ده‌ركردنی یاسایه‌كی تازه بۆ حه‌شدی شه‌عبی، عێراق ده‌خاته نێو گێژاوه گه‌وره‌كه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاسته‌وه".
مه‌ریوان قه‌ره‌نی له راگه‌یه‌ندراوێكدا باس له‌وه ده‌كات كه "ماوه‌یه‌كه له هه‌موو لایه‌كه‌وه هه‌م له ئاستی میدیایی و هه‌م له ئاستی سیاسی‌دا باس له ئه‌گه‌ری فراوانبوونی زیاتری شه‌ڕ له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ده‌كرێت و ته‌نانه‌ت ئه‌یاد سه‌ماوی كه راوێژكاری سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه، راشكاوانه گوتوویه‌تی كه عێراق ده‌بێته چه‌قی ئه‌و شه‌ڕه و داوای دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عێراق و پێكهێنانی حكوومه‌تێكی باری له‌ناكاوی كردووه بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌و دۆخه".
ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی پارتی باس له‌وه ده‌كات كه "به دڵنیاییه‌وه ئه‌م ئاماژانه له خۆوه نین، به‌ڵكوو له ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا به ناوی به‌ره‌ی مقاوه‌مه‌وه میلیشیاكان چ له عێراق، چ له سوریا، چ له رێگه‌ی حوسییه‌كانی یه‌مه‌ن له ده‌ریای ناوه‌ڕاست و كه‌نداوی عه‌ره‌بییه‌وه زیانی زۆریان به به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی ئه‌مریكا گه‌یاندووه، جگه له هێرشه به‌رده‌وامه‌كانیان بۆ سه‌ر بنكه و باره‌گاكانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانان له لایه‌ك و ئیسرائیل له لایه‌كی دیكه. ئایا ئه‌م هه‌موو هێرشانه‌یان كه له رابردوو كردیان، هه‌روا تێپه‌ڕ ده‌بێت و ئه‌مریكا و ئیسرائیل سزای هێرشكاره‌كان ناده‌ن؟".
مه‌ریوان قه‌ره‌نی ده‌ڵێت: "وادیاره هیچ گومانێك نه‌ماوه‌ته‌وه و ئه‌م شه‌ڕه‌ی كه باس ده‌كرێت، به دڵنیاییه‌وه ڕووده‌دات، له‌م حاڵه‌ته‌شدا ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بۆ ماوه‌یه‌ك به دۆخێكی سه‌ختدا تێپه‌ڕ ده‌بێت كه ڕه‌نگه ئه‌م دۆخه زۆر گۆڕانكاری له‌گه‌ڵ خۆیدا بهێنێت".
ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو كه "ئه‌وه‌ی تێبینی ده‌كرێت، ئه‌و میلیشیا و گرووپه چه‌كدارانه‌ی كه له عێراقدا هۆكارن بۆ ئه‌وه‌ی عێراق بخه‌نه ژێر هه‌ڕه‌شه‌ی ئه‌و هێرشانه، مێش میوانیان نییه و له جیاتی ئه‌وه‌ی به‌رژه‌وه‌ندیی وڵاته‌كه له‌به‌رچاو بگرن و وه‌ك چۆن ئه‌مریكا داوا ده‌كات خۆیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه، كه‌چی تازه به تازه به ناوی هه‌مواری یاسا و یاسای حه‌شدی شه‌عبییه‌وه فشار ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه به‌هێزتر بكه‌ن و ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبی بكه‌ن به هاوتای وه‌زاره‌تی به‌رگریی عێراق و دۆخێك بخولقێنن كه پاساوی زیاتر بۆ تێوه‌گلاندنی عێراق له‌و شه‌ڕ و ئاڵۆزییانه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بده‌ن به‌ده‌سته‌وه".
ئه‌ندامه‌ی ليژنه‌ی ئاسایش و به‌رگریی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق راشیگه‌یاندووه كه "ئه‌ركه له‌سه‌ر حكومه‌تی فیدڕاڵیی عێراق، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك هه‌مواری یاسای حه‌شدی شه‌عبی نه‌نێرێته په‌رله‌مان، چونكه ده‌ركردنی ئه‌و یاسایه، عێراق به یه‌كجاره‌كی ده‌خاته نێو گێژاوه گه‌وره‌كه‌ی ناوچه‌كه‌وه، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌وكات ئه‌مریكا له‌وه تێده‌گات كه هیچ نیه‌تێك له عێراقدا نییه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ئه‌و گرووپه چه‌كدارانه!".
PM:07:45:07/04/2025
ئه‌م بابه‌ته 592
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت