گروپە چەکدارەکانی عێراق بۆ خۆپاراستن لە مەترسی کەوتنە جەنگەوە لەگەڵ ئەمریکا ئامادەن خۆیان هەڵبوەشێننەوە
وێستگەنیوز_ رۆیتەرز
بەگوێرەی زانیاریی ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز کە لە زاری10 فەرماندەی باڵا و بەرپرسی عێراقی ئاشکرای کردووە، "ژمارەیەک گرووپی چەکداری عێراق بۆ ئەوەی خۆیان لە هەڕەشەکانی ئیدارەی ئەمریکا بپارێزن، ئامادەن خۆیان هەڵبوەشێننەوە."
شەش فەرماندەی ناو چوار گروپی چەکداری عێراقی لە پارێزگایەکی باشووری عێراق کە فەرماندەکان داوایان کردووە ناویان نەهێندرێت و سەر بە هەریەکە لە گرووپەکانی کەتائیبی حیزبوڵڵا، بزووتنەوەی نوجەبا، کەتائیبی سەید شوهەدا و ئەنسارولئەوفیان، چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز کردووە و دەڵێن، لەو کاتەوەی کە ترەمپ لە کانوونی دووەمی ئەمساڵ دەسەڵاتی گرتووەتە دەست، ئیدارەی ئەمریکا چەندین جار بە نهێنی هۆشداری لەبارەی گرووپە چەکدارەکان بە حکومەتی عێراق داوە.
ئاشکراشیان کردووە، ئیدارەی ئەمریکا بە حکومەتی عێراقی راگەیاندووە، ئەگەر گرووپە چەکدارەکان لە چەک دانەماڵێت، هێرشی ئاسمانییان دەکاتە سەر.
عیزەت شابەندەر کە کەسایەتییەکی سیاسیی عێراقییە بە رۆیتەرزی گوتووە، 'پێشکەوتنی زۆر' لە گفتوگۆکانی نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و ژمارەیەک سەرکردەی گرووپە چەکدارەکان هەبووە و گرووپەکان مەیلی ئەوەیان هەیە بەدەم داواکەی ئەمریکاوە بچن بۆ چەک دانان.
شابەندەر دەڵێت: "گرووپەکان سوور نین لەسەر ئەوەی کە دەبێت بەم شێوازەی ئێستای خۆیان بمێننەوە چونکە دەزانن دەکرێت لە هەر کاتێکدا بێت بکرێنە ئامانجی هێرشەکانی ئەمریکا."
حکومەت لە هەوڵی تەواوەتیدایە و خودی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق دەیەوێت بەزووترین کات ئەو گروپانە بکەونەوە ژێر دەسەڵاتی دەوڵەت و چەک دانێن. بە وتەی عیزەت شابەندەر، "هەندێک بژاردە لەبەرچاو گیراون، لەوانەش گۆڕینی گرووپە چەکدارەکان بۆ پارتی سیاسی و تیكەڵکردنەوەیان بە هێزە چەکدارەکانی عێراق."
هەر لەو چاوپێکەوتنەدا، فەرماندەیەکی کەتائیبی حیزبوڵڵا کە بە دەمامکی رەش و چاویلکەوە قسەی بۆ رۆیتەرز کردووە دەڵێت: "ترەمپ ئامادەیە جەنگەکەمان لەگەڵ بباتە ئاستێکی خراپتر، ئێمە ئەوە دەزانین و دەمانەوێت خۆمان لە سیناریۆیەکی خراپ بە دوور بگرین."
ئەوەشیان ئاشکرا کردووە کە سوپای پاسدارانی ئێران رەزامەندی دەربڕیوە لەوەی ئازادن هەر بڕیارێک دەدەن بۆ ئەوەی خۆیان لە ململانێیەکی رووخێنەر لەگەڵ ئەمریکا و ئیسرائیل بەدوور بگرن.
لە بەشێكی دیکەیدا، دوو بەرپرسی ئەمنیی عێراق ئاشکرایان کردووە، نزیکەی 10 گرووپی چەکداریی لە عێراق هەن کە سەر بە بەرەی مقاوەمەی ئیسلامی'ـن و نزیکەی 50 هەزار شەڕکەریان هەیە، کۆگای چەکەکانیان مووشەکی دوورمەودا و چەکی دژە فڕۆکەیان تێدایە.
ئاماژەشی بەوەداوە، سوودانی گوشار دەکات کە هەموو گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران چەک دابنێن.
هەروەها "بەشێکی زۆری فەرماندەکان بازنەی ئەمنیی خۆیان بەهێزتر کردووە، ژمارە مۆبایل، ئۆتۆمبێل و شوێنی مانەوەیان گۆڕیوە."
AM:11:58:07/04/2025
ئهم بابهته 452
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت