موقتەدا سەدر: بەهۆی گەندەڵییەوە بەشداری لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ناکەین
وێستگەنیوز-
رێبەری رەوتی سەدر رایدەگەیەنێت، بەشداری هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق ناکەن، ئاماژە بەوەشدەکات، با هەمووان بزانن تا گەندەڵی هەبێت، بەشداری هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردن ناکەن.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 27ی ئاداری 2025، موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر لە پەیامێکدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاویکردووەتەوە رایگەیاند، "با هەمووان بزانن تا گەندەڵی هەبێت، من بەشداری لە هیچ پرۆسەیەکی هەڵبژاردندا ناکەم کە تەنها پەیوەندی بە بەرژەوەندی تائیفی و حزبییەوە هەبێت".
ئاماژەی بەوەکرد، "هێشتا پشت بە گوێڕایەڵی لایەنگرانی سەدر دەبەستم، بۆیە هەروەک چۆن فەرمانم پێکردن دەنگ بدەن، ئەمڕۆش هەموویان لە دەنگدان و خۆکاندیدکردن بۆ پۆستەکان قەدەغە دەکەم".
سەدر ئەوەشی وت، "ئێمە بۆ خۆشەویستی عێراق دەمێنینەوە و گیانی خۆمان لە پێناویدا بەخت دەکەین، و بە هیچ شێوەیەک لەوە کەم نابین".
لە مانگی حوزەیرانی ساڵی 2022، موقتەدا سەدر بڕیاریدا لە پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە و بەشداری هیچ هەڵبژاردنێکی داهاتوو نەکات، بۆ ئەوەی خۆی بە سیاسەتمەدارە "گەندەڵەکان"ەوە نەبەستێتەوە، هەروەها چەند مانگێکە باس لەوە دەکرێت کە سەدر بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا بگەڕێتەوە بۆ پرۆسەی سیاسی، بەتایبەتی دوای ئەوەی داوای لە لایەنگرانی کرد تۆماری هەڵبژاردنەکانیان نوێ بکەنەوە، بەڵام ئەمڕۆ سەدر رەتیکردەوە بەشداربێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق.
PM:09:32:27/03/2025
ئهم بابهته 268
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت