وەزارەتی دادی عیراق: مانگی داهاتوو زیندانی چەمچەماڵ دەکرێتەوە
وێستگەنیوز_
زیندانی چەمچەماڵ یەکێکە لە سەربازگە گەورەکانی رژێمی پێشووی عیراق، لە ساڵی 2007'ـەوە کراوە بە زیندانی فیدڕاڵی، زیندانەکە جێگای نزیکەی چوار هەزار زیندانی دەبێتەوە؛ و وەزارەتی دادی عیراق دەڵێت، "دوای چوار ساڵ لە داخستنی، مانگی داهاتوو زیندانی چەمچەماڵ دەکەینەوە و لە ئێستادا سەرقاڵی نۆژەنکردنەوەی زیندانەکەین."
ئەمرۆ دووشەممە 24ـی 3ـی 2025، موراد ساعدی، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە وەزارەتی دادی عیراق رایگەیاندووە، "دوای تەواوبوونی نۆژەنکردنەوەی زیندانی چەمچەماڵ بە نوێترین ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، مانگی داهاتوو زیندانەکە دەکەینەوە و دەمانەوێت لە رێگای ئەو زیندانەوە قەرەباڵغی چاکسازییەکانی چەند شارێکی عیراق کەم بکەینەوە."
بەگوێرەی راگەیەندراوەکە، ماوەی چەند ساڵێکە ئەو زیندانە بەکارنەهاتووە، بۆیە وەزارەت بڕیاریداوە بەوەی نۆژەنی بکاتەوە، لە چوارچێوەی نۆژەنکردنەوەکەشدا کامێرای چاودێری بۆ سەرجەم زیندانەکە و ژوورەکان دادەنرێت و هۆڵی تایبەت بە وەرزشکردن و چەندین پێداویستی دیکەی ژیانکردنی تێدا دادەنرێت.
هەروەها، نوێترین تەکنەلۆژیاکان لە زیندانەکەدا بەکاردەهێنن و فێننکەرەوە و هەواگۆڕکێی گونجاوی بۆ دابین دەکەن و "سەرجەم پێداویستییەکانی شوێنێکی شیاو بۆ ژیانکردنی تێدا دابین دەکەن".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەو زیندانیانەی دەگوازرێنەوە بۆ زیندانە نۆژەنکراوەکەی چەمچەماڵ، ئەوانەن کە بە چەند تاوانێکی دیاریکراو سزادراون، لەوانەش ئەو تاوانانەی مەترسی لەسەر ئاسایش و سیستمی گشتی دروست دەکەن.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، سزادراوەکان لە هەریەک لە پارێزگاکانی سەڵاحەدین، نەینەوا و کەرکووکەوە دەبرێنە زیندانی چەمچەماڵ و ئاسانکاری دەکرێت بۆ کەسوکاریشیان کە سەردانیان بکەن.
ماوەی چەند ساڵێکە عیراق هەوڵدەدات فشار و قەرەباڵغی سەر زیندانەکان کەم بکاتەوە، نۆژەنکردنەوەی زیندانی چەمچەماڵیش لە چوارچێوەی ئەو هەوڵانەدایە.
AM:11:16:24/03/2025
ئهم بابهته 440
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت