فوئاد حسێن: دەستووری عێراق رێگە نادات هیچ گروپێکی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییەکان هەبێت
وێستگەنیوز-
وەزیری دەرەوەی عێراق رایدەگەیەنێت، دەستووری عێراق رێگە نادات هیچ گروپێکی چەکداری لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییەکان هەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەوەی گروپە چەکدارەکانی عێراق لە چەند مانگی رابردوو ئەنجامیاندا، زیانی بە عێراق گەیاندووە.
لەمیانەی چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی شەرقییە فوئاد حسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند، "عێراق بەشێک نییە لە بەرەی موقاوەمە و هەر گروپێک لە دەرەوەی چوارچێوەی دەوڵەت نایاساییە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "دەستووری عێراق رێگە نادات هیچ گروپێکی چەکدار لە دەرەوەی دامەزراوە سەربازییەکانی عێراقدا بوونی هەبێت، رێگەپێدراویش نییە بە بڕیاری تاکلایەنە بڕیاری جەنگ بدرێت".
لەبارەی هێرشی گروپە چەکدارەکان بۆسەر ئیسرائیل وەزیری دەرەوەی عێراق وتی، "ئەوەی گروپە چەکدارەکانی عێراق لە چەند مانگی رابردوو ئەنجامیاندا، زیانی بە عێراق گەیاندووە و هیچ سوودێکیشی بۆ دۆزی فەڵەستین نەبوو".
وتیشی، "ئەگەر ئێران ببێتە ئامانجی هێرشی ئیسرائیل و رێککەوتن شکست بهێنێت، ئەوا عێراق رووبەڕووی کارەسات دەبێتەوە".
فوئاد حسێن ئەوەشی وت "دەرفەتێک هەیە بۆ لێکتێگەشتن لەگەڵ گروپە چەکدارەکان و دوورکەوتنەوە لە مەترسییەکانی هێرشی ئەمریکی یان ئیسرائیلی بۆسەر عێراق".
AM:09:25:23/03/2025
ئهم بابهته 208
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت