سەرایا سەلام: ڕێنمایمان لە سەدرەوە پێگەیشتووە کە خۆمان لە هەڵگرتنی چەک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەدوور بگرین
وێستگەنیوز_
یاریدەدەری چەکدارانی سەرایا سەلام، باڵی سەربازیی ڕەوتی سەدر دەڵێت، "ڕێنمایمان لە موقتەدا سەدرەوە پێگەیشتووە و ئاراستەی سەرایا سەلامی کردووە، کە خۆمان لە هەڵگرتنی چەک لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات بەدوور بگرین و لە ئەگەری تووشبوونی عێراق بە هێرش و دەستدرێژی دەرەکی، ڕاوێژ بە مەرجەعی ئایینی و ژیرمەندەکان بکەین."
ئەمڕۆ چوارشەممە، 19ـی 3ـی 2025، تەحسین حەمیداوی، یاریدەدەری چەکدارانی سەرایا سەلام رایگەیاند، "یەکێک لە ڕێنماییەکانی ڕێبەری ڕەوتی شیعە، موقتەدا سەدر، خۆبەدوور گرتنە لە لێدوانی تائیفی، چونکە ئەمە لێکەوتەی ترسناکی دەبێت و زیان بە عێراق دەگەیەنێت."
سەدر لە پەیامەکەیدا بۆ باڵی سەربازیی رەوتەکەی، ئاماژەی بەوەکردووە، "بەهەموو شێوەیەک بەکارهێنان و هەڵگرتنی چەک لە ناوخۆ و دەرەوەی عێراق قەدەغەیە، چونکە چارەنووسی میللەت و گەلەکەی لەلایەن تاکەکان یان گروپێکەوە دیاری نەکراوە."
باسی لەوەش کردووە، "ئەگەر عێراق تووشی دەستدرێژی دەرەکی بوو، پێویستە بگەڕێیتەوە بۆ مەڕجەعە ئاینییەکان و ژیرمەندەکان و نەگەڕێێنەوە بۆ لای گەندەڵکاران و ستەمکاران."
ئەم ڕێنمایانەی ڕێبەرەکەی ڕەوتی شیعە، لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا جارێکی دیکە سەری هەڵداوەتەوە، ئەمەش لە ئەنجامی هێرشەکانی ئەمریکایە بۆ سەر حووسیەکانی یەمەن و کۆتاییهێنان بە ئاگربەستی ئیسرائیل و حەماس و هەروەها هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەززە، کە لەدوێنێ سێشەممەوە بەسەدان کەس کوژراون و برینداربوون.
هەر سەبارەت بەو بۆردومانانەی ئیسرائیل، ئەمڕۆ چوارشەممە موقتەدا سەدر لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "زانیاریمان ھەبووە و ھۆشداریمان داوە لەوەی دۆخی غەززە و تەنانەت شوێنەکانی دیکەش بەرەو کوێ دەڕوات، بوونی دووژمنی زایۆنی لە ناوچەکەدا ئەنجامی باشی نابێت."
موقتەدا سەدر دەڵێت: "ئەوەتا دووژمن دەست دەکاتەوە بە بۆردوومانکردنی خەڵکی سڤیل و منداڵ بە پشتیوانیی ئەمریکای تیرۆریستی قێزەون، زۆر کەسیش تەنیا بێدەنگ بوون و تەماشای شەهیدانی غەززە و منداڵەکانیان و ژنەکانیان دەکەن، کە بە مووشەکەکانی تیرۆریستیی زایۆنی - ئەمریکی دەکوژرێن، یان بەهۆی گەمارۆیەکی نێودەوڵەتیی پتەو و بێ هیچ رێگرییەکی مرۆیی و شەرعی دەکوژرێن."
ئاشکراشی کردووە، دۆخی ئێستا "دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە فەڵەستین بفرۆشرێت، بۆئەوەی زایۆنیزم بە ئاسانی لە خاکە ئیسلامی و عەرەبییەکاندا بڵاوببێتەوە، بەڵکو بە یارمەتیی ئێرە و ئەوێ، بۆئەوەی ئیسرائیل بگاتە سنوورەکانی عێراق، کە دووژمن سەرەتا و بەتایبەتی دەیەوێت، ئەو کات پەشیمانی سوودی نابێت."
ئەم پەیامانە دوای ئەوە دێت، سوپای ئیسرائیل، بەرەبەیانی دوێنێ سێشەممە و لە کاتی پارشێودا، هێرشی ئاسمانی چڕ و کتوپڕی ئەنجامدا و تەندروستیی کەرتی غەززە دەڵێت، "بەهۆی هێرشەکانەوە 404 فەلەستینی کوژراون، کە زۆربەیان منداڵ و ژنن و 562 کەسی دیکە برینداربوون."
AM:11:29:19/03/2025
ئهم بابهته 472
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت