"تره‌مپ هۆشداری ده‌داته عێراق"
وێستگه‌نیوز-
ئیداره‌ی دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی ئه‌مریكا هۆشداریی فه‌رمی داوه‌ته به‌غدا و داوای ئازادكردنی ئیلیزابێس تسوركۆڤ، ئه‌و توێژه‌ره ئیسرائیلی-روسییه ده‌كات كه دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له عێراق دیارنه‌ماوه.
ڕۆژنامه‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆتی ئیسرائیلی له زاری به‌رپرسانی عێراقه‌وه بڵاویكرده‌وه، ئاده‌م بۆهله‌ر نێرده‌ی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری بارمته‌كان، په‌یامی راسته‌وخۆی گه‌یاندوه‌ته محه‌مه‌د شیاع سودانی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و پێی راگه‌یاندووه كه حكومه‌تی عێراق به‌رپرسیارێتی ته‌واوه‌تی ئازادكردنی ئه‌لیزابێس تسوركۆڤ خانمه توێژه‌ری ئیسرائیلی له ئه‌ستۆدایه.
رۆژنامه‌كه باسی له‌وه كردووه كه "له هۆشدارییه‌كی فه‌رمیدا ئیداره‌ی تره‌مپ داوای له عێراق كرد كه ده‌ستبه‌جێ ئازادكردنی تسوركۆڤ گره‌نتی بكات كه له عێراق رفێندراوه، هۆشداریشی له لێكه‌وته سیاسی و ئابورییه‌كانیشی داوه ئه‌گه‌ر ئازاد نه‌كرێت".
به‌گوێره‌ی یه‌دیعۆت ئه‌حرۆنۆت، یه‌كێك له به‌رپرسه عێراقییه‌كان روونیكردووه‌ته‌وه كه "ئاده‌م بۆهله‌ر هه‌ڕه‌شه‌ی گرتنه‌به‌ری ڕێوشوێنی سزایی له دژی عێراق كردووه ئه‌گه‌ر له‌ماوه‌یه‌كی نزیكدا ئازاد نه‌كرێت".
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه به‌رپرسانی عێراق جه‌ختیان له‌وه كردووه‌ته‌وه كه حكومه‌ت هه‌وڵی چڕ ده‌دات بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه، تا له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه سزا نه‌درێن.
به‌رپرسێكی تری عێراقی باسی له‌وه كردووه كه "ده‌سه‌ڵاتداران سه‌رنجیان خستووه‌ته‌سه‌ر نێوه‌ندگیری له‌گه‌ڵ كه‌تائیبی حزبوڵا و گروپه چه‌كداره‌كانی دیكه"، ده‌شڵێت: "ماوه‌ی چه‌ند مانگێكه كار له‌سه‌ر دۆسیه‌كه ده‌كه‌ین، به‌ڵام رفێنه‌ره‌كان به هیچ شێوه‌یه‌ك وه‌ڵامیان نه‌داوه‌ته‌وه و ئامانجیشیان پاره نییه، ئه‌مه‌ش وایكردووه چاره‌سه‌ركردنی دۆسیه‌كه ئاڵۆزتر بێت".
هاوكات له‌گه‌ڵ زیادبونی فشاره‌كانی ئه‌مریكا، قاسم ئه‌عره‌جی راوێژكاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق هه‌فته‌ی رابردوو ڕایگه‌یاند، ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراق كارده‌كه‌ن بۆ دۆزینه‌وه‌ی شوێنی ئه‌لیزابێس تسوركۆڤ.
ئه‌عره‌جی وتی: "پێویسته به نهێنی مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌و پرسه بكرێت، له‌ڕێگه‌ی نێوه‌ندگرانه‌وه"، له كاتێكدا به‌رپرسانی عێراق نیگه‌رانی خۆیان ده‌ربڕی له‌وه‌ی كه واشنتۆن ره‌نگه سزا بسه‌پێنێت به‌بێ گوێدانه ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كان.
له كۆتایی مانگی ئازاری ساڵی 2023 گروپێكی چه‌كداری په‌یوه‌ندیداری سه‌ر به كه‌تائیبی حزبوڵای عێراق، ڕفاندنی ئه‌لیزابێس تسوركۆڤ-یان به تۆمه‌تی سیخوڕی راگه‌یاند.
ئه‌م رووداوه دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له كافێیه‌ك له گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده له به‌غدا ڕوویداوه. تسوركۆڤ خاوه‌نی ره‌گه‌زنامه‌ی روسی و ئیسرائیلییه و له عێراق وه‌ك توێژه‌ر كاری ده‌كرد.
PM:05:34:10/03/2025
ئه‌م بابه‌ته 716
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت