وەزارەتی کارەبای عێراق: وەزارەت هیچ ئاگادارییەكی فەرمی بۆ بڕین و نەگەیشتنی غازی لە ئێرانەوە پێ نەگەیشتووە
وێستگەنیوز-
دوای ئەوەی دوێنی هەینی وادەی هەناردەکردنی غازی ئێران بۆ عێراق کۆتایی هات، وتەبێژی وەزارەتی کارەبای عێراق رایدەگەیەنێت، تا ئەمڕۆ وەزارەتی كارەبا هیچ ئاگادارییەكی فەرمیی بۆ بڕین و نەگەیشتنی غازی لە ئێرانەوە پێ نەگەیشتووە.
ئەمڕۆ شەممە 8ی ئاداری 2025، ئەحمەد موسا، وتەبێژی وەزارەتی كارەبا عێراق رایگەیاند، "بەمەبەستی دابینكردنی هاوڵاتییان لە پێدانی كارەبا، لە رابردوودا ئەمەریكا رێگەیداوە غازی سروشتی لە ئێرانەوە هاوردە بكات، چونكە دەیزانی ئاستەنگ لەبەردەم گەشەپێدان لەبەردەم كێڵگە غازییەكانیدا هەیە، تا ئەو كاتەی توانای دەبێت بۆ دابینكردنی سوتەمەنی بۆ وێستگەكانی بەرهەمهێنانی كارەبا".
ئاماژەی بەوەکرد، "تا ئەمڕۆ وەزارەتی كارەبا هیچ ئاگادارییەكی فەرمیی بۆ بڕین و نەگەیشتنی غازی لە ئێرانەوە پێ نەگەیشتووە، هاوكات هەوڵێك هەیە كە جارێكی دیكە رێگەپێدانی ئەمەریكا درێژ بكرێتەوە".
وتەبێژی وەزارەتی كارەبا عێراق باسی لەوەشکرد، "وەزارەتەكەی كاری لەسەر هەمەجۆركردنی سەرچاوەكانی غاز كردووە، بەڵام ئەگەر غازی لە ئێرانەوە هاوردە نەكرێت، عێراق رووبەڕووی گرفت دەبێتەوە بە تایبەت لە وەرزی هاویندا، چونكە راستەوخۆ كاریگەری لەسەر كەمبونەوەی وزەی كارەبا دەبێت".
هاوكات، بۆ پڕكردنەوەی خواست و پێداویستییەكانی لە كارەبا، حكومەت عێراق هەوڵیداوە كە بڕی بەرهەمهێنانی كارەبا بگەیەنێت بە 27 هەزار مێگاوات، بەڵام لەئێستادا كە زۆرینەی وێستگەكان بە غاز كاردەكەن لە ئێرانەوە غاز هاوردە دەكات.
PM:08:19:08/03/2025
ئهم بابهته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت