بەم زووانە 23 هەزار پارچە شوێنەوار دەگەڕێندرێتەوە بۆ عێراق


وێستگەنیوز_

بە وتەی دادوەر، نەبیل کەریم؛ بەم زووانە 23 هەزار پارچە ئاسەوار دەگەڕێندرێنەوە بۆ عێراق کە لەماوەی چەند ساڵی رابردوودا بە قاچاغ بەرەو دەرەوەی وڵات نێردرابوون.

ئەمرۆ دووشەممە 3ـی 3ـی 2025، نەبیل کەریم، دادوەریی دادگای لێکۆڵینەوەی ناوەندیی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی گەڕاندنەوەی زیاتر لە 23 هەزار پارچە ئاسەواری مێژوویی بۆ عێراق سەرکەوتوو بووە و بەم زووانە دەگەڕێندرێنەوە بۆ وڵاتەکە.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو پارچە ئاسەوارانە لە دوای ساڵی 2003ـوە بە شێوازی نایاسایی و قاچاغ مامەڵەیان پێوەکراوە و لەرێگای چەند گروپێکی ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەوە بە مەبەستی بازرگانیکردن پێیانەوە بەرەو دەرەوەی عێراق نێردراون.

باسی لەوەشکردووە، ئەو باندانەی بازرگانی و مامەڵە بە ئاسەوارەوە دەکەن، بەپێی ماددەی 40ـی ژمارە 55ـی ساڵی 2002 لە یاسای سزادانی عێراقی، حەوت تاوەکو 15 ساڵ زیندانیکردن دەیانگرێتەوە، لەگەڵ پێبژاردنی شەش هێندەی بەهای خەمڵێندراوی ئاسەوارەکە. 

دەشڵێت، ئەگەر ئاسەوارەکە بەنرختربێت ئەوا قەبارە و جۆری سزاکەش قورستر دەبێت و تاوەکو لە سزای سێدارەدان دەگۆڕێت.


AM:09:46:03/03/2025


ئه‌م بابه‌ته 280 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت