لە دیوانیە هێرش کرایە سەر بارەگایەکی حزبوڵلای عێراقی


وێستگەنیوز_

بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 27ـی 2ـی 2025، لەلایەن گروپێکی چەکداری نەناسراوەوە هێرش کرایە سەر بارەگای حزبوڵلای عێراقی لە پارێزگای دیوانیە، بەهۆیەوە باڵەخانەکە زیانی پێگەیەنرا و وێنەی حەسەن نەسروڵلا و ئاڵای حزبەکەش فڕێدراوەتە سەر زەوی، تاوەکوو ئێستاش هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکە ڕانەگەیاندووە.

حزبوڵلای عێراقی لە ڕاگەیەندراوێکدا ئیدانەی هێرشەکەی کرد و بە کارێکی "تاوانکاری ترسنۆکانە و هەوڵێک بۆ تێکدانی ئاسایش و سەقامگیریی پارێزگاکە وەسفی کرد، جەختیشی کردەوە کە ئەم هێرشە کاریگەریی دەخاتە سەر خزمەتکردنی گەلی عێراق."

حزبوڵلا داوای لە دەزگا ئەمنییەکان کردووە لایەنەکانی پشت هێرشەکە ئاشکرا بکەن و بیاندەنە دادگا، هەروەها داوای هەماهەنگی و یەکگرتوویی کرد بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەوڵی تێکدانی سەقامگیریی ئاسایشی وڵات.

هاوکات، داوای لە عێراقییەکان کرد یەکگرتوو بن و پێکەوە بوەستن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکان، و ڕێگە نەدەن هیچ لایەنێک ئاسایش و سەقامگیری وڵات تێک بدات.


AM:11:05:27/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 316 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت