وەزیری نەوتی عێراق: بۆ هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان چاوەڕێی تورکیا دەکەین


وێستگەنیوز-

وەزیری نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، نەوتی هەرێم ئامادەیە بۆ هەناردەكردنەوە و بۆ دەستپێكردنەوەشی چاوەڕێی وەڵامی توركیا دەكەن.


بەپێی هەواڵێکی ئاژانسی رۆیتەرز بێت، حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق رایگەیاند، "لە دوو رۆژی داهاتوودا نەوتی هەرێمی كوردستان ئامادەدەبێت بۆ هەناردەكردنەوە و ئێستا چاوەڕێی وەڵامی توركیا دەكەن بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەو وڵاتەوە نەوتی هەرێم رەوانەی بەندەری جەیهان بكەن".

وەزیری نەوتی عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، "بەرهەمی كێڵگەكانی نەوت لە پارێزگای كەركوك، بۆ پڕكردنەوەی پێداویستی ناوخۆ بەكاردەهێنرێت".

وەزارەتی سامانە سروشتییەكانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند بوو، "لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵ گەیشتون بەرێككەوتن بۆ دەستكردن بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان لەڕێگەی توركیاوە"، هەر ئەمڕۆش وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی تەواوی خۆی بە رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.




PM:06:19:24/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 116 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت