وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی بە رێككەوتنی ئۆپێك و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێم دووپاتکردەوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی نەوتی عێراق لە راگەیەندراوێکدا پابەندبوونی تەواوی خۆی بە رێككەوتنی ئۆپێك پڵەس و هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان دووپاتکردەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 24ی شوباتی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "وەزارەتی نەوتی عێراق پابەندبوونی خۆی بۆ رێككەوتنەكانی رێكخراوی ئۆپێك پڵەس و دەستپێكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان دووپاتدەكاتەوە".

ئاماژە بەوەکراوە، "وەزارەت رێوشوێنی پێویست دەگرێتەبەر بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی ئەم ڕێککەوتنانە، هەروەها دانانی پلانێکی هەموارکراو بۆ قەرەبووکردنەوەی بەرهەمی زیادە لە ماوەی پێشوودا".

وەزارەتی نەوتی عێراق ئەوەشی خستووەتەڕوو، "هەوڵی تەواوی خۆمان دەخەیەنەگەڕ لە پێناو دەستپێکردنەوەى هەناردەكردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی بۆریی عێراق- توركیا، لەهەمان كاتیشدا پابەند دەبێت بە پشكی عێراق كە لە رێككەوتننامەكانی ئۆپێك هاتووە".

بەپێی زانیارییەکانی ئۆپیک، بەرهەمی نەوتی خاوی عێراق لە مانگی کانوونی دووەمی ساڵی 2025، گەیشتووەتە 3.999 ملیۆن بەرمیلی رۆژانە.










PM:02:40:24/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 228 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت