وەزارەتی نەوتی عێراق: رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان تەواوبوون
وێستگەنیوز-
وەزارەتی نەوتی عێراق رایدەگەیەنێت، رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهان تەواوبوون.
ئەمڕۆ شەممە 22ی شوباتی 2025، وەزارەتی نەوتی عێراق رایگەیاند، "رێکارەکانی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی بەندەری جەیهانەوە تەواو بوون، دەستپێکردنەوەشی بەپێی میکانیزمەکانی یاسای بودجە و هەموارەکەی، هەروەها لە چوارچێوەی ئاستی بەرهەمهێنانی دیاریکراو بۆ عێراق لە رێکخراوی ئۆپیک بوو".
وەزارەتی نەوتی عێراق داوا لە دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان دەکات، "ئەو بڕە بەرهەمەی کێڵگە کاراکان بۆ کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوت بنێرێت، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردن لە رێگەی بۆری عێراق - تورکیا و بەندەری جەیهان، بەپێی گرێبەستی واژۆکراو لەگەڵ کۆمپانیا پاڵێوراوەکان".
لە مانگی ئاداری 2023وە، هەناردەکردنی 400 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانەی هەرێمی کوردستان و 75 هەزاری دیکەی کەرکوک لە رێگەی بۆرییەکەوە وەستا، ئەوەش دوای بڕیارێکی دادگایەکی نێوبژیوانی پاریس لە بەرژەوەندیی حکومەتی عێراق، کاتێک رایگەیاند، "تورکیا رێککەوتنێکی ساڵی 1973ـی پێشێلکردووە، چونکە لە ساڵی 2014ـەوە رێگەی بە فرۆشتنی سەربەخۆیانەی نەوتی هەرێمی کوردستان داوە بێ ئەوەی رەزامەندی لە بەغدا وەربگرێت".
PM:05:49:22/02/2025
ئهم بابهته 136
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت