تۆمەتباری کوشتنی محەممەد باقر سەدر گۆڕێکی بەکۆمەڵ ئاشکرا دەکات


وێستگەنیوز_

سەعدون سەبری قەیسی، تۆمەتباری کوشتنی محەممەد باقر سەدر، مەرجەعی ئاینی شیعەکان و باوکی موقتەدا سەدر، گۆڕێکی بەکۆمەڵی لە فەللوجە ئاشکرا کردووە، کە لەکاتی هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکە لەلایەن تیمی دەزگاکەیان.

دەزگای شەهیدانی لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت: "بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی سەرۆکی دەزگای شەهیدان، عەبدولئیلاهـ ئەلنائیلی، پشکنینی تەکنیکی سەرەتاییان بۆ ئەو گۆڕە بەکۆمەڵە لە ناحیەی سەقلاویەی سەر بە قەزای فەللوجە لە پارێزگای ئەنبار کرد."

زرغام کامل، سەرۆکی تیمی نیشتمانی بۆ گۆڕە بەکۆمەڵەکان ئاماژەی بەوەکردووە، "پشکنینی تەکنیکی سەرەتایی لەسەر گۆڕە بەکۆمەڵەکە کراوە، کە تاوانەکە لەلایەن ئەندامانی ڕژێمی پێشوەوە بە شاهیدی تۆمەتبار، سەعدون سەبری قەیسی ئەنجامدراوە." 

دەشڵێت، "ئەو ڕوفاتانەی دۆزراونەتەوە ئافرەت و پیاویان تێدایە و پرۆسەی لە سێدارەدانەکە لە شوێنی گۆڕستانەکە کراوە کە ژمارەیان لە نێوان 20 بۆ 25 کەس بووە."

زرغام کامل ئەوەشی خستووەتەڕوو، "دوای هەڵکەندنی گۆڕە بەکۆمەڵەکە، سەرەتا ڕوفاتی زیاتر لە پێنج کەس دەرکەوتووە کە بەپێچەوانەی شەریعەتی ئاینی ئیسلام بەخاک سپێردراون."

سەعدون سەبری قەیسی، بەرپرسی هۆبەی پێنجی هەواڵگری عێراق بووە، رۆژی 31ـی 1ـی 2025، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، نویسوویەتی، ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بکوژی محەممەد باقر سەدریان دەستگیر کرد.

محەممەد باقر سەدر، لە ساڵی 1980 لەلایەن ڕژێمی بەعسی عێراقەوە لەسێدارە درا.


AM:11:09:12/02/2025


ئه‌م بابه‌ته 4620 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت