نێرده‌ی تره‌مپ هه‌ڕه‌شه‌ی دوورخستنه‌وه‌ی سودانی له پۆسته‌كه‌ی ده‌كات
وێستگه‌نیوز
نێرده‌ی تایبه‌تی دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی ئه‌مریكا، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌سه‌ركارلابردنی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق ده‌كات، گه‌ر ئه‌و بارمته ئیسرائیلییه ئازاد نه‌كرێت، كه نزیكه‌ی دوو ساڵه له عێراق رفێنراوه.
له كۆتایی ئازاری ساڵی 2023 گروپێكی چه‌كداری په‌یوه‌ندیداری سه‌ر به كه‌تائیبی حزبوڵای عێراق، ڕفاندنی ئه‌لیزابێس تسوركۆڤ-ی له دوای گه‌ڕانه‌وه‌ی له كافێیه‌ك له گه‌ڕه‌كی كه‌ڕاده له به‌غدا، به تۆمه‌تی سیخوڕی راگه‌یاند.
ئاده‌م بۆله‌ر، نێرده‌ی تایبه‌تی سه‌رۆكی ئه‌مریكا بۆ كاروباری بارمته‌كانی ئیسرائیل سه‌باره‌ت به ئازادكردنی ئه‌و بارمته‌یه هه‌ڕه‌شه‌كانی له حكومه‌تی عێراق ده‌كات.
بۆله‌ر له پلاتفۆڕمی (X) رایگه‌یاندووه كه پێویسته سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق به زووترین كات، ئه‌و بارمته ئیسرائیلییه‌كه ئازاد بكات، كه نزیكه‌ی دوو ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له عێراق ده‌ستگیر كرا، ئه‌گه‌رنا ده‌بێت له پۆسته‌كه‌ی لاده‌برێت.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئازاد نه‌كردنی ئه‌و بارمته‌یه، نیشانه‌ی بێتوانایی محه‌مه‌د شیاع سودانییه كه چه‌ند جارێك به‌ڵێنی ئازادكردنی داوه، به‌ڵام بێ ئه‌نجام بووه، داواش له دۆناڵد تره‌مپ ده‌كات رێكاری توند بگرێته‌به‌ر.
ئیلیزابێس سوركۆڤ، خوێندكاری دكتۆرای زانسته سیاسییه‌كان بوو له ئه‌مریكا، سه‌ردانی عێراقی كرد بۆ نووسینی تێزی دكتۆراكه‌ی له‌سه‌ر "جوڵانه‌وه‌ی شیعه”، به‌ڵام له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حزبوڵای عێراقه‌وه رفێنرا و له‌و كاته‌وه تا ئێستا ئازاد نه‌كراوه.
له ماوه‌كانی رابردووش‌دا میدیا عێراقییه‌كان له زاری سه‌رچاوه‌كانی به‌ره‌ی موقاوه‌مه‌ی عێراق بڵاویانكرده‌وه كه به‌ره‌كه‌یان ئاماده‌كاری ده‌كرد بۆ ئه‌نجامدانی رێككه‌وتن له‌گه‌ڵ ئیسرائیل بۆ ئازادكردنی ئه‌و توێژه‌ره ئیسرائیلیه له به‌رامبه‌ر ئازادكردنی ژماره‌یه‌ك چه‌كداری حزبوڵای لوبنانی كه له‌لایه‌ن ئیسرائیله‌وه ده‌سگیر كراون.
AM:10:08:07/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 2984
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت