مەشهەدانی: پابەندین بە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە دەردەچن
وێستگەنیوز_
دوای ئەوەی دوێنێ سێشەممە 4ـی 2ـی 2025، دادگای باڵای فیدراڵی عێراق، فەرمانی راگرتنی جێبەجێکردنی هەرسێ یاسای باری کەسی، لێبووردنی گشتی و گەڕانەوەی موڵکەکانی بۆ بۆ خاوەنی رەسەنیان دەرکرد، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق سەردانی دادگاکەی کرد و رایگەیاند، "پەرلەمان پابەندە بە هەموو ئەو بڕیارانەی کە لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریی عێراقەوە دەردەچن."
بەپێی راگەیەندراوێکی نوسینگەی مەحموود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، لە سەردانەکەی ئەمڕۆیدا بۆ دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق لەگەڵ دادوەر جاسم عومێری، سەرۆکی دادگاکە کۆبووەتەوە و باسی دۆسیەی یاسادانانیان لە چوارچێوەی یاسایی و دەستووری کردووە.
مەشهەدانی ئاماژەی بەوە داوە، "هەمووان وەکو چاودێری ئارامی و پارێزەری هەموو عێراقییەکان سەیری دەسەڵاتی دادوەریی عێراق دەکەن و هەمووان پابەندن بەو بڕیارانەی دەردەچن."
ئەوەشی خستووەتەڕوو، "عێراق شایەتحاڵی بەدیهێنانی راستەقینە و واقیعی پرەنسیپەکانی دیموکراسییە، هەندێک جار نوێنەرانی گەل پەنا دەبەنە بەر دادگای فیدراڵی، بۆئەوەی مافی خۆیان بەکاربهێنن بۆ ناڕەزایی دەربڕین لەسەر هەندێک یاسا و بڕیار بە شێوەیەکی دیموکراسی و لە چوارچێوەی یاسایی."
لە کۆتاییشدا جەختی لەوە کردەوە، "هەمووان پابەندن بە بڕیارە دادوەرییەکان و ئەوەی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە دەردەچێت."
PM:02:56:05/02/2025
ئهم بابهته 116
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت