سودانی داواكارییه‌ك ئاراسته‌ی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی نه‌وت ده‌كات
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگه‌یاند ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواری یاسای بودجه به‌و ده‌قه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ناردوویه‌تی سه‌قامگیری سیاسی دووپات ده‌كاته‌وه، داواكاریشه حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵی ده‌ستبه‌جێ ده‌ست به‌م هه‌مواركردنه بكه‌ن تا نه‌وتی هه‌رێم هه‌نارده بكرێته‌وه.
باسم عه‌وادی وته‌بێژی حكومه‌تی عێراق له راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق پێزانینی بۆ ئه‌و هه‌نگاوه به‌رپرسیارانه و بنیاتنه‌ره‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌رده‌بڕێت، به په‌سه‌ندكردنی هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای بودجه‌ی گشتی فیدراڵی كۆماری عێراق بۆ ساڵانی دارایی 2023-2024-2025.
له راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه كه "به‌م بۆنه‌یه‌وه سه‌رۆك وه‌زیران سوپاسی ئه‌م به‌ڕێزانه ده‌كات: سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران، جێگری یه‌كه‌م كه سه‌رۆكایه‌تی دانیشتنی ئه‌مڕۆی كرد، جێگری دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان، به‌هۆی تێگه‌یشتن و پاڵپشتییان بۆ دیدگای حكومه‌ت، كه به‌رده‌وامه له جێبه‌جێكردنی به‌رنامه‌كه‌ی كه پێشتر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه په‌سه‌ندكراوه".
عه‌وادی ده‌ڵێت: "ده‌نگدان له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌كه به‌پێی ئه‌و ده‌قه‌ی كه ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران په‌سه‌ندی كردووه، سه‌قامگیری سیاسی و ئه‌و دۆخه لێكتێگه‌یشتنه پشتڕاست ده‌كاته‌وه كه له‌م قۆناغه‌دا هه‌یه، هه‌روه‌ها ڕه‌نگدانه‌وه‌ی ئاستی به‌رزی هاوكاری نێوان حكومه‌ت و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانه بۆ به‌رده‌وامبوون له هه‌ماهه‌نگی بۆ درێژه‌دان گه‌شه‌پێدان و ئاوه‌دانكردنه‌وه و چاكسازی".
وته‌بێژی حكومه‌ت راشیگه‌یاندووه كه له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌م هه‌مواركردنه‌وه، سه‌رۆكی حكومه‌ت داوا له هه‌ردوو حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به هه‌موو دامه‌زراوه په‌یوه‌ندیداره‌كانی و وه‌زاره‌تی نه‌وتی فیدراڵ ده‌كات، ده‌ستبه‌جێ كار له‌سه‌ر ئه‌م هه‌مواركردنه بكه‌ن، به‌مه‌به‌ستی باشترین وه‌به‌رهێنان له سامانه سروشتیه‌كانمان به‌تایبه‌ت سامانی نه‌وت".
PM:08:22:02/02/2025
ئه‌م بابه‌ته 784
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت