ڤیدیۆی دانپێدانانی بکووژی محەممەد باقر سەدر بڵاوکرایەوە
وێستگەنیوز_
پاش تێپەڕبوونی 45 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنیدا، رۆژی هەینی 31ـی 1ـی 2025، محەممەد شیاع سوودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە توانراوە بکوژی محەممەد باقر سەدر دەستگیربکرێت. پاشان ئاسایشی نیشتمانیی عێراق ڤیدیۆی دانپێدانانی هەر پێنج تاوانبارەکەی بڵاوکردەوە.
سەعدوون سەبری کە ئەو کات بەڕێوەبەری هۆبەی پێنجەمی هەواڵگریی عێراق بووە، بە وردەکارییەوە باسی چۆنیەتی دەستگیرکردن و کوشتنی محەممەد باقر سەدر دەکات.
تۆمەتبارەکە بە جل و بەرگێکی زەردی ناو زیندانەوە، ڕوو لە کامێرا و لەبەردەم ئەفسەرێکی لێکۆڵینەوە، دەڵێت "چاودێریی محەممەد باقر سەدرمان دەکرد و سیخوڕیمان بەسەر تەلەفۆنەکەیەوە دەکرد. رۆژێک تەلەفۆنی ئێرانی کرد. نازانین قسەی لەگەڵ کێ کرد."
دوای ئەوە، سەعدوون، فازڵ بەڕاک، بەڕێوەبەری ئەوکاتی ئاسایشی گشتیی عێراق ئاگادار دەکاتەوە، کە محەممەد باقر سەدر لەگەڵ ئێران لەپەیوەندیدایە.
سەعدوون دەڵێت: "ئەو پێی وتم، بۆی بڕۆ. منیش بۆی چووم."
لە سەروبەندی گرژییەکانی نێوان عێراق و ئێران ساڵی 1980ـدا، لە لووتکەدا بوون. شۆڕشی ئیسلامیی ساڵی 1979 ئاسۆی سیاسیی ناوچەکەی بە تەواوی گۆڕی بوو و رۆحوڵڵا خومەینی، رێبەری شۆڕشەکە داوای دەکرد شۆڕش وڵاتانی دیکەش بگرێتەوە. سەدام حوسێن، سەرۆکی دەسەڵاتی بەعس ئەوەی بە هەڕەشە بۆ سەر عێراق دەزانی. لە هەمان کاتدا، ناکۆکییەکان لەسەر شەتولعەرەب، لە هەڵچوونی بەردەوامدا بوون. پارتە ئۆپۆزسیۆنەکانی عێراق کە بەشێکیان پەیوەندییان لەگەڵ ئێراندا هەبوو، لەژێر چاودێریی چڕی دەزگا ئەمنییەکاندا بوون. گرژییەکان بەجۆرێک بوون، کە لە ئەیلوولی 1980، سەریان نا بۆ جەنگێکی هەشت ساڵەی خوێناوی.
سەعدوون دەڵێت، چەند مانگێک پێش جەنگەکە، تێبینییان کردووە خەڵک شاند لە دوای شاند، "بە گوتنەوەی درووشم" دەچنە لای محەممەد باقر سەدر و بەیعەتی پێدەدەن.
فازڵ بەڕاک بڕیاردەدات چاودێری بەسەر خەڵکەکەدا چڕبکەنەوە، بازگە دابنێن بۆ ئەوەی هەر ئۆتۆمبێلێک بچێتە لای پیاوە ئایینییە شيعەکە، ژمارە تابلۆکەی و ناسنامەی هەموو سەرنشینەکانی تۆمار بکەن.
دواتر فازڵ بەڕاک، بەڕێوەبەری گشتیی ئاسایشی نەجەف ئاگادار دەکاتەوە، کە محەممەد باقر سەدر ببەنە ئاسایشی گشتی لە بەغدا.
سەعدوون دەڵێت "چووم، بینیم محەممەد باقر سەدر لای سکرتێری بەڕێوەبەری گشتی دانیشتووە. سڵاوم لێکرد و وەڵامی دامەوە. وتم، 'سەید چۆنی؟ خۆ نەخۆش نیت؟' وتی، سوپاس بۆخوا."
وەک باسی دەکات، دوای ناردنی محەممەد باقر سەدر بۆ "لای دکتۆرێک" کە روونی ناکاتەوە بۆ چ مەبەستێک بووە، فازڵ بەڕاک بە سکرتێرەکەی دەڵێت، "ئۆتۆمبێلە تایبەتەکەم ئامادە بکەن، بۆ ئەوەی سەید بگەڕێننەوە نەجەف، لەبەرئەوەی لە نەجەف خۆپێشاندان دروستبووە، خوشکەکەی چووەتە سەر شەقام و دەستی بە هاتوهاوار کردووە و گوتوویەتی سەیدەکەتانیان برد."
دوای گەیشتنەوەی محەممەد باقر سەدر بۆ ماڵەوە، فازڵ بەڕاک فەرمان دەکات، لە ماڵەکەیدا لەژێر چاودێری بهێڵرێتەوە و رێگە نەدەن بچێتە دەرەوە.
سەعدوون دەڵێت، خۆپیشاندانەکان بۆ ئازادکردنی محەممەد باقر سەدر بەردەوام بوون، چەند لیژنەیەکی ئەمنی پێکهێنران و چەندین خۆپێشاندەر دەستگیرکران.
پاشان "لە فازڵ بەڕاکەوە فەرمان دەرکرا بە دەستگیرکردنی محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی." دوای ئەوە، هەردووکیان دەبردرێنە ئاسایشی گشتی و فازڵ بەڕاک چاوی پێیان دەکەوێت. ئەو کات فازڵ بەڕاک بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ هەردووکیان دەرکردووە و بە سەعدوونی وتووە، "دەمەوێت خۆت لەسێدارەدان بەسەر محەممەد باقر سەدردا جێبەجێبکەیت."
لەم بەشەی رووداوەکە بە دواوە، کەسێکی دیکە بە ناوی هەیسەم عەبدولعەزیز دێتە ناو چیرۆکەکەوە، کە لەگەڵ سەعدوون و سێ کەسەکەی دیکە دەستگیرکراوە و ناوبراو لە ساڵی 1968 کۆلێژی پۆلیسی لە بەغدا تەواوکردووە و ئەفسەرێکی ئەمنی سەردەمی دەسەڵاتی بەعس بووە.
هەیسەم، ئەوکات ئەفسەری بەرەنگاربوونەوەی تاوان بووە لە بەغدا، لە دانپێدانانەکانیدا دەڵێت، لە لایەن فازڵ بەڕاکەوە راسپێردراوە بچێت سەرپەرشتیی لەسێدارەدانەکە بکات و، وردەکارییەکانی بۆ بێنێتەوە.
ئاسایشیی نیشتمانیی عێراق باس لەوە دەکات، لەسێدارەدانی محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی لە هۆبەی پێنجەمی ئاسایشی گشتی جێبەجێکراوە، کە سەعدوون بەرپرس بووە لێی.
سەعدوون ووردەکاری سەبارەت بە دوا ساتەکانی محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی دەخاتەڕوو و دەڵێت، هەردووکیان هێنرانە بەردەممان و لە تەنیشت یەکدی دانران. یەکدیان ماچ کرد" محەممەد باقر سەدر بە خوشکەکەی وت "دیدارمان لە بەهەشتە.
دواتر خوشک و براکە هەندێک لێک دووردەخرێنەوە. سەعدوون دەڵێت "من، کەمێک گەڕامەوە" و محەممەد باقر سەدر "لەبەردەمم بوو. من تفەنگێکی بچووکم پێ بوو و بە سریە دەستڕێژم لێی کرد."
خوشکەکەشی لە لایەن ئەفسەرێکی دیکەی سەر بە ئاسایشی گشتیی بە ناوی عەلی عەبدوڵا بەڕاء کوژرا.
سەعدوون دەڵێت "دواتر فازڵ بەڕاک پەیوەندیی کرد و وتی سەید بدەنەوە دەست کەسوکاری. پاشان سەیدمان دەرخست و بردیان بۆ نەجەف."
بە وتەی تاوانبارەکە، دوو ئەفسەری ئاسایشی گشتی، تەرمی محەممەد باقر سەدر پاک دەکەنەوە و رادەستی کەسێکی ناسیاوی لەنەجەف دەکەنەوە، بەڵام باسی چارەنووسی تەرمی بنت هودا ناکات.
AM:10:57:02/02/2025
ئهم بابهته 576
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت