ئاسایشی نیشتمانیی عێراق: پێنج بەرپرسی ئەمنیی دەسەڵاتی بەعس دەستگیرکران
وێستگەنیوز_
ئاسایشی نیشتمانیی عێراق رایگەیاند، پێنج بەرپرسی ئەمنیی دەسەڵاتی بەعس دەستگیرکراون کە چەندین تاوانیان دژی هاوڵاتیان لە سەردەمی دەسەڵاتی رژێمی پێشوودا ئەنجامداوە.
لە راگەیەندراوەکەی ئاسایشی نیشتیمانی عێراقدا هاتووە، ئەو 5 کەسەی دەستگیر کراون بریتین لە سەعدوون سەبری، هەیسەم عەبدولعەزیز، خەیروڵڵا حومادی، شاکر تەها و نیعمە محەممەدن.
ئەرشەد حاکم، وتەبێژی دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لەبارەی ئەو کەسانەی دەستگیر کراون دەڵێت، "دەستیان هەبووە لە جێبەجێکردنی بڕیاری لەسێدارەدانی وەحشیگەرانە بەرامبەر هێما باڵاکانی عێراق، دیارترینیان ئایەتوڵڵای مەزن محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی و دەیان بێتاوانی دیکە. ئەو تاوانبارانەی کە لایەنگرانی حیزبە ئیسلامییەکان، حیزبی شیوعی و کوردییان بە ئامانج دەگرت، ئەمڕۆ لە بەردەم دادپەروەری عێراقیدان".
ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم کەسە کە ناوی سەعدوون سەبرییە، بەرپرسی هۆبەی 5ـی هەواڵگریی عێراق بووە و 45 ساڵ لەمەوبەر، محەممەد باقر سەدر و خوشکەکەی کوشتوون.
فازڵ ئەبو رەغیف، شرۆڤەکاری ئەمنی دەڵێت: "سەعدوون واتە کۆمەڵێک تاوان، دڕندەیی، ئەشکەنجە و کوشتن. تەنیا سەعدوون زیاتر لە 20 هەزار هاوڵاتیی عێراقی کوشتووە. هەر کەسێکی لە بەردەم خۆیان ببینیایە، بێ گەڕانەوە بۆ هیچ دادگایەک، دەیکوشت."
دەزگای ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دەڵێت، تاوانبارەکان دانیان بە کوشتنی سەدان کورد، سەرکردە و ئەندامی حیزبە ئیسلامی و شیوعییەکانی عێراقیش داناوە.
PM:10:09:01/02/2025
ئهم بابهته 1076
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت