زانیاری نوێ لەبارەی دەستگیرکردنی بکوژی محەممەد باقر سەدر؛ "لەکوردستان دەستگیرکراوە"
وێستگەنیوز_
پاش تێپەڕبوونی 45 ساڵ بەسەر تیرۆرکردنیدا، ئەمرۆ هەینی محەممەد شیاع سوودانی، رایگەیاند، لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی عێراقەوە توانراوە بکوژی محەممەد باقر سەدر دەستگیربکرێت. رۆژنامەنووسێکیش دەڵێت: "لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە".
رۆژنامەنووس مەحمود یاسین کوردی لە فەیسبووکی خۆی دەڵێت: بکوژی محەممەد باقر سەدر، مەرجەعی گەورەی شیعەکان و یەکێک لە دامەزرێنەرانی حیزبی دەعوە، ""لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراوە".
مەحمود یاسین کوردی نوسیویەتی: "ئەو بەرپرسەی رژێمی پێشووی عێراق کە ناوی سەعدوون سەبری'ـیە، لەسەر داواکاری سوودانی لە هەرێمی کوردستان دەستگیرکراو و گروپی عەسائیبی ئەهلی حەق دەڵێن: ئێمە سوودانیمان ئاگادار کردووتەوەو زانیاریمان پێداوە!، بەڵام رادەستی بەغداد نەکراوە هەتا دوای 4 مانگ هێزە شیعییەکان بە تایبەت 'عەسائیب'، هەرەشەیان کردووە تا ئاستی هێرش و درۆن و تێکچوونی پەیوەندییەکانی کوردو شیعە!".
سەعدوون سەبری، یەکەم ئەرکی بریتی بوو لە بەرپرسی هۆبەی پێنج لە دەزگای هەواڵگریی عێراق لە سەردەمی دەسەڵاتی بەعس. ئەو هۆبەیە تایبەت بوو بە لێپرسینەوە و ئەشکەنجەدانی ئەندام و کەسایەتییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی.
سەبری کە ناسناوە ئەمنییەکەی "عەمید نەزارە"، تاوەکو ساڵی 1986 بەڕێوەبەری هۆبەی پێنج بوو، دواتر تاوەکو ساڵی 1990 بەڕێوەبەری ئاسایشی بەسرە بوو و پاشان تاوەکو شوباتی 1991 بەڕێوەبەری ئاسایشی کوەیت بوو؛ پاشان بووەتە بەرپرسی ئاسایشی ئابووری.
محەممەد باقر سەدر کە دەکاتە خەزووری موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی نیشتمانیی شیعە، یەکێک بوو لە دامەزرێنەرە سەرەکییەکانی پارتی دەعوەی ئیسلامی، مەرجەعێکی ئایینی و بیرمەندێکی شیعەی عێراقی بوو.
محەممەد باقر سەدر لە 9ـی نیسانی 1980 بەتۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ ئێران دەستگیرکرا و دواتر لەگەڵ خوشکەکەی لەنێو بارەگای هۆبەی پێنج کوژران.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو بەرپرسە لە دوای ساڵی 2003 چووتە میسر پاشان چووتە سووریا دوای چووتە تورکیا و پاشان رووی لە هەرێمی کوردستان کردووە! پاشان مەسرور بارزانی رازی بووە تیمێکی لێکۆڵینەوەی ئاسایشی نیشتیمانی عێراق بێن لە هەولێر لێکۆڵینەوەی لەگەڵ بکەن بەڵام بەغداد رازی نەبوو تا دواجار لە رۆژی 2024/05/30 مەسرور بارزانی لە بەغداد سەردانی قەیس خەزعەلی دەکات و رێکدەکەون کە ئەو تۆمەتبارە رادەستیان بکرێت، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیشدا خەزعەلی سوپاسی بارزانی کرد و وتی هەستمان بە هەنگاوی جددی و کرداری کردووە کە هەندێکیان بۆ راگەیاندن نییە!"
PM:07:13:31/01/2025
ئهم بابهته 616
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت