"حكومه‌تی عێراق له‌ چه‌كداماڵینی گرووپه‌ چه‌كداره‌كاندا رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگ ده‌بێته‌وه‌"


وێستگه‌نیوز-
چه‌ند لایه‌نێكی سیاسی عێراق دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌ته‌كه‌ی محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ دۆسێی‌ تێكه‌ڵكردنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان به‌ دامه‌زراوه‌ی ئه‌منی عێراق و چه‌كداماڵینیان، رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی سیاسی و ئه‌منی و ده‌ره‌كی بووه‌ته‌وه‌.


له‌ 21ی كانوونی‌ دووه‌مدا سودانی رایگه‌یاند كه‌ كار بۆ یه‌كخستنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كات به‌پێی‌ چوارچێوه‌ یاسایی و دامه‌زراوه‌ییه‌كان، هاوكات فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ دووپاتی كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی ده‌ستی كردووه‌ به‌ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ گرووپه‌كان به‌ ئامانجی رازیكردنیان بۆ ده‌ستبه‌رداربوونی‌ چه‌كه‌كانیان و تێكه‌ڵبوون به‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌كان.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی‌ ئه‌سكه‌نده‌ر وه‌توت، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ رۆژنامه‌ی‌ ئه‌لعه‌ره‌بی‌ ئه‌لجه‌دیدی‌ وت كه‌ "حكومه‌تی عێراق ناچاره‌ به‌رده‌وام بێت له‌ پرسی یه‌كخستنی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان، جموجوڵێكی‌ راسته‌قینه‌ی حكومه‌ت هه‌یه‌ به‌و ئاراسته‌یه‌، به‌ڵام ئه‌ركه‌كه‌ ئاسان نییه‌، به‌تایبه‌تی كه‌ گروپه‌كان ره‌تیده‌كه‌نه‌وه‌ چه‌ك دابنێن. پاساوه‌كه‌شیان بوونی‌ ئه‌مریكا له‌ عێراق و نه‌كشانه‌وه‌ی‌ هێزه‌كانیه‌تی‌ و جه‌خت له‌ كاری‌ موقاوه‌مه‌ ده‌كه‌نه‌وه‌”.

وتیشی: "حكومه‌تی عێراق ده‌سه‌ڵاتی به‌سه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كاندا نییه‌"، له‌هه‌مانكاتدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ حكومه‌تیش نایه‌وێت له‌ڕێگه‌ی به‌كارهێنانی هێزه‌وه‌ پلانه‌كانی به‌سه‌ر گرووپه‌ چه‌كداره‌كاندا بسه‌پێنێت و پێی باشتره‌ شێوازی‌ دیپلۆماسی و دیالۆگ به‌كاربهێنێت تا رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ روونه‌دات "ئه‌مه‌ش وا ده‌كات ئه‌ركه‌كه‌ قورس بێت".

ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ عێراقییه‌ ده‌شڵێت: "دیالۆگه‌كانی حكومه‌ت و گرووپه‌كان پێویستی به‌ كاتی‌ زۆره‌، هه‌ر لایه‌نێك داوای گه‌ره‌نتی ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی لایه‌نی به‌رامبه‌ر داوكارییه‌كانی‌ جێبه‌جێ بكات و تا ئێستاش هیچ وه‌ڵامێك له‌لایه‌ن گرووپه‌گانه‌وه‌ نه‌بووه‌ بۆ هه‌وڵه‌كانی حكومه‌ت، سه‌ره‌ڕای مه‌ترسی له‌سه‌ر ئه‌و لایه‌نانه‌ له‌ كاردانه‌وه‌كانی ئه‌مریكا یان ئیسرائیل".

له‌به‌رامبه‌ردا عه‌لی زوبه‌یدی، ئه‌ندامی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی ده‌سه‌ڵاتدار له‌ عێراق، به‌ ئه‌لعه‌ره‌بی ئه‌لجه‌دیدی وت، "داماڵینی چه‌كی گرووپه‌كان یه‌كێكه‌ له‌ ئه‌ركه‌ قورسه‌كان كه‌ له‌ ئێستادا حكومه‌تی عێراق ئه‌نجامی ده‌دات".

 جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌ت "له‌م دۆسێیه‌دا رووبه‌ڕووی ئاسته‌نگی‌ زۆر بووه‌ته‌وه‌... ژماره‌یه‌ك گرووپ هێشتا سوورن له‌سه‌ر كاری‌ چه‌كداری‌ و جیهادی".

 ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، "حكومه‌تی عێراق ده‌توانێت سه‌ركه‌وتوو بێت له‌ چه‌كداماڵینی گرووپه‌كان و تێكه‌ڵكردنیان به‌ دامه‌زراوه‌ ئه‌منییه‌كان".

راشیگه‌یاند كه‌ "محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق له‌ دۆخێكدایه‌ ئیره‌یی پێنابرێت، كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی چاودێری‌ ده‌كات بزانێت حكومه‌ته‌كه‌ی له‌و دۆسێیه‌دا چی ده‌كات، خۆشی‌ نایه‌وێت هیچ ناكۆكی و پێكدادانێك له‌گه‌ڵ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان دروستببێت، به‌ڵام هه‌ندێك پرسی ناوخۆیی و ناوچه‌یی پاڵ به‌و گرووپانه‌وه‌ ده‌نێت كاری‌ سه‌ربازی‌ بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌م دواییانه‌دا له‌ غه‌ززه‌ و لوبنان روویدا.

له‌ماوه‌ی‌ رابردوودا راپۆرته‌كان كه‌ له‌لایه‌ن سیاسه‌تمه‌داران و ڕاوێژكارانی حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بڵاوكرابوونه‌وه‌، باسیان له‌ فشاره‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان بۆسه‌ر حكومه‌تی عێراق و خودی‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆك وه‌زیران ده‌كرد تا گرووپه‌ چه‌كداره‌كان چه‌ك بكات و حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ كه‌ نزیكه‌ی‌ 70 گرووپی‌ چه‌كدارن و زۆربه‌یان په‌یوه‌ندییان به‌ ئێرانه‌وه‌ هه‌یه‌.



PM:03:31:31/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت