فوئاد حسێن هه‌ڵوێستی‌ عێراقی‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشنیاره‌كه‌ی‌ تره‌مپ بۆ راگواستنی فه‌له‌ستینییه‌كان راگه‌یاند

‌فوئاد حسێن وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق

وێستگه‌نیوز-
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هه‌ڵوێستی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ سه‌باره‌ت به‌ پێشنیاره‌كه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا بۆ راگواستنی فه‌له‌ستینییه‌كانی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ راگه‌یاند و ده‌ڵێت: "هه‌ر هه‌وڵێك به‌ ئامانجی راگواستن و ئاواره‌كردنی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌ و له‌ پشتیوانیكردنی وڵاته‌كه‌ش به‌رده‌وام ده‌بین".


وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 29ی كانوونی دووه‌می 2025، فوئاد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق و  محه‌مه‌د مسته‌فا، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ڵه‌ستین به‌ ته‌له‌فۆن قسه‌یان كرد.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌ كه‌ "فوئاد حسێن، جه‌ختی له‌ هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی عێراق له‌ پشتیوانیی دۆزی فه‌ڵه‌ستین كردووه‌ته‌وه‌ و هه‌ر هه‌وڵێك به‌ ئامانجی ڕاگواستن و ئاواره‌كردنی گه‌لی فه‌ڵه‌ستین ره‌ت ده‌كاته‌وه‌".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق به‌ هاوتا فه‌له‌ستینییه‌كه‌ی‌ وتووه‌ كه‌ "پاڵپشتیی مافه‌كانی گه‌لی فه‌له‌ستین له‌ كارنامه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی لووتكه‌ی عه‌ره‌بی ده‌بێت كه‌ ئه‌مساڵ له‌ به‌غدا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت".

لای خۆیه‌وه‌، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌له‌ستین، پیزانینی خۆی بۆ هه‌ڵوێست و پاڵپشتییه‌كانی عێراق بۆ گه‌لی فه‌له‌ستین ده‌ربڕی و ستایشی په‌یوه‌ندیی برایانه‌ی نێوان هه‌ردوو وڵاتی كرد و جه‌ختی له‌ گرنگی به‌رده‌وامی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی هاوبه‌ش له‌ بواره‌ جیاجیاكاندا كرده‌وه‌.

پێشتر دۆناڵد تره‌مپ سه‌رۆكی‌ ئه‌مریكا پێشنیاری‌ كردبوو كه‌ دانیشتوانی‌ كه‌رتی‌ غه‌ززه‌ بۆ وڵاتانی‌ ئوردن و میسر و چه‌ند وڵاتێكی‌ تر بگوازرێنه‌وه‌.


PM:06:54:29/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو