وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا داواكارییه‌كی‌ ئاراسته‌ی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق كرد


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق له‌میانی‌ پێشوازیكردنی‌ له‌ وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ توركیا رایگه‌یاند كه‌ پێویسته‌ رێز له‌ سه‌روه‌ری و ئاسایشی نیشتیمانی و سه‌ربه‌خۆیی عێراق بگیرێت، ده‌شڵێت: "عێراق به‌په‌رۆشه‌ بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزی هاوبه‌ش".


نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 26 ی كانوونی دووه‌می 2025 د.له‌تیف جه‌مال ڕه‌شید سه‌رۆك كۆمار له‌ كۆشكی به‌غدا پێشوازیكرد له‌ هاكان فیدان وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا و وه‌فدی هاوڕێی كه‌ تیایدا د.فوئاد حسێن جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ ئاماده‌ی دیداره‌كه‌ بوو.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و چۆنیه‌تی په‌ره‌پێدانیان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ یارمه‌تیده‌ر بێت بۆ په‌ره‌پێدانی میكانیزمه‌كانی هاریكاری له‌بواره‌ جیاجیاكاندا باسكرا و سه‌رۆك كۆمار جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "عێراق هه‌ر ده‌ستێوه‌ردانێك كاریگه‌ری له‌سه‌ر خاكه‌كه‌ی هه‌بێت ره‌ت ده‌كاته‌وه‌ و پێویسته‌ رێز له‌ سه‌روه‌ری و ئاسایشی نیشتیمانی و سه‌ربه‌خۆیی عێراق بگیرێت".

سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌ گرنگی پابه‌ندبوونی هه‌ردوو وڵات كرد به‌وه‌ی كه‌ هیچ كامیان سه‌كۆی بازدان نین بۆ هه‌ڕه‌شه‌ كردن بۆ سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیری ئه‌وی تریان و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ "عێراق به‌رده‌وامه‌ له‌ جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نیشتمانی عێراق".

هه‌روه‌ها په‌ره‌سه‌ندنه‌كانی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ تاوتوێكران و جه‌ختیان له‌سه‌ر گرنگی پشتیوانیكردن له‌ هه‌وڵه‌كان بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان و گرتنه‌به‌ری دیالۆگی بنیاتنه‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه‌ له‌پێناو به‌دیهێنانی ئاشتی و ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی كرد.

سه‌رۆك كۆمار جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "عێراق به‌په‌رۆشه‌ بۆ دامه‌زراندنی په‌یوه‌ندییه‌ پێشكه‌وتووه‌كان له‌گه‌ڵ توركیا له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێزی هاوبه‌ش" و ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ پێویسته‌ ئه‌و یاداشتنامه‌یه‌ی لێكتێگه‌یشتنه‌ كه‌ له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی سه‌رۆك كۆماری توركیا ساڵی ڕابردوودا بۆ عێراق له‌نێوان هه‌ردوو وڵاتدا واژۆ كرابوو به‌مه‌به‌ستی خزمه‌تكردن به‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی گه‌لانی عێراق و توركیا جێبه‌جێ بكرێت.

سه‌رۆك كۆمار ئاماژه‌ی به‌ پێویستی به‌رده‌وامی كاری هاوبه‌ش و هاوكاری ناوچه‌یی كرد بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی هه‌ڕه‌شه‌ی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش له‌پێناو به‌دیهێنانی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌سه‌ر ئاستی هه‌رێمایه‌تی و نێوده‌وڵه‌تی.

سه‌باره‌ت به‌ پێشهاته‌كانی سوریا، هیوای خواست ئیداره‌ی نوێ له‌ سوریا كار بكات بۆ پاراستنی فره‌یی نه‌ته‌وه‌یی و ئایینی و پێكهێنانی حكومه‌تێك كه‌ نوێنه‌رایه‌تی هه‌مووان بكات و ئاشتی و خۆشگوزه‌رانی بۆ هه‌موو پێكهاته‌كانی گه‌لی سوریا به‌دی بهێنێت و پارێزگارییان لێ بكات و مافه‌كانیان بۆ به‌شداری سیاسی بپارێزێت به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ ئاشتی كۆمه‌ڵایه‌تی به‌هێز بكات و گه‌شه‌سه‌ندن و خۆشگوزه‌رانی بۆ برایانی سوریا به‌دی بهێنێت.

لای خۆیه‌وه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا پشتیوانی حكومه‌ته‌كه‌ی بۆ سه‌قامگیری عێراق و پاراستنی ئاسایش و سه‌ربه‌خۆیی و گرنگی به‌رده‌وامبوونی هه‌وڵه‌ هاوبه‌شه‌كان بۆ به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی تیرۆر دووپاتكرده‌وه‌ و داوای "پێكهێنانی هاوپه‌یمانێتییه‌كی كرد كه‌ عێراق و سوریا و ئوردن و توركیا له‌خۆبگرێت بۆ ڕووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ڕێكخراوه‌ تیرۆریستییه‌كانی داعش و له‌ناوبردنی خاڵه‌ گه‌رمه‌كانیان و وشككردنی سه‌رچاوه‌ی دارایییان به‌شێوه‌یه‌ك كه‌ سه‌قامگیری وڵاتانی ناوچه‌كه‌ مسۆگه‌ر بكات".

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا ئاماژه‌ی به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و په‌رۆشی توركیا بۆ پشتیوانیكردن له‌ ده‌رفه‌ته‌كانی هاوكاری و هاوبه‌شی له‌ بواره‌كانی ئابووری و بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و ئاو و ژینگه‌ كرد و هیوای خواست ئاستی په‌یوه‌ندییه‌ ئابوورییه‌كان به‌ره‌و ئاسۆیه‌كی فراوانتر به‌رز بكاته‌وه‌.



PM:06:44:26/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو