فوئاد حوسێن: لە داهاتوودا چەندین کۆبوونەوە لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا لەبارەی پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکە دەکرێن
وێستگەنیوز_
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، لە داهاتوودا چەندین کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا دەکەن بە مەبەستی تاوتوێکردنی دۆخی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر.
ئەمرۆ یەکشەممە، 26ـی 1ـی 2025، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیی هاوبەشدا لەگەڵ هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا؛ ڕایگەیاند، "پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی تورکیا و عێراق باشن و لە کۆبوونەوەکەماندا باسمان لە چۆنییەتی پەرەپێدانیان کرد دوای سەردانەکەی سەرۆک ئەردۆغان بۆ بەغدا."
ئاماژەی بەوەشکرد، لە زۆر بواری بەرفراواندا دەتوانن کاری هاوبەش لەگەڵ تورکیا بکەن، بە تایبەت بواری بازرگانی و سیاسی.
باسی لەوەش کرد "پەیوەندیی نێوان عێراق و تورکیا مێژوویی و ستراتیژییە."
فوئاد حوسێن وتیشی، هەر لە کۆبوونەوەکەدا باسیان لە دوایین پێشهاتەکانی سووریا و ناوچەکە و بوونی تیرۆریستانی داعش لەسەر سنوور کردووە.
ئاماژەی بەوەش کرد، لە داهاتوودا چەندان کۆبوونەوە لەنێوان ئەنقەرە و بەغدا لەبارەی پرسە ئەمنییەکانی ناوچەکە و ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆر دەکرێن.
لای خۆیەوە هاکان فیدان رایگەیاند، "دەمانەوێت عێراق لە بواری پەکەکەدا هەنگاوی جددی بنێت."
دووپاتیشیکردەوە، "پەکەکە هەڕەشەیە بۆ سەر سەروەریی هەردوو وڵات؛ و دەمانەوێت لەگەڵ عێراق لەناویانبەرین."
پێشنیوەڕۆی ئەمرۆ یەکشەممە وەزیری دەرەوەی تورکیا گەیشتە بەغدا و بڕیارە دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ وەزیری دەرەوەی عێراق، بە جیا لەگەڵ عەبدولـلەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆمار، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیران، مەحموود مەشهەدانی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران کۆ ببێتەوە.
سەردانەکەی فیدان بۆ عێراق، لە چوارچێوەی سەردانێكی فەرمییە و پەیوەندییەکانی ئەنقەرە – بەغدا و پرسە هەرێمییەکان تەوەری سەرەکی گفتوگۆکانی وەزیری دەرەوەی تورکیا و بەرپرسانی عێراقە.
PM:03:09:26/01/2025
ئهم بابهته 656
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت