عێراق: پرۆژەکانی وزەی خۆر بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا ئاستێکی باشیان تێپەراندووە


وێستگەنیوز_

وەزیری کارەبای عێراق رایگەیاند، پرۆژەکانی وزەی خۆر  بۆ بەرهەمهێنانی کارەبا تا ئاستێکی باش رۆیشتوون و بەردەوام دەبن لە پەرەپێدانی کەرتی کارەبا لە وڵاتدا.

زیاد عەلی فازڵ، وەزیری کارەبا لە بەیاننامەیەکدا ئەمڕۆ سێشەممە 21ـی 1ـی 2025، رایگەیاند، "وەزارەتی کارەبا بەپێی پلانێکی تۆکمە کاردەکات بۆ پەرەپێدانی کەرتی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن بە هاوتەریب، لەگەڵ گرنگیدان بە بەرزکردنەوەی کارامەیی کەرتی بەرهەمهێنان و گواستنەوە و دابەشکردن".

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەو پلانەی وەزارەت بە هەماهەنگی لەگەڵ دیدگای حکومەت ئامادەیکردووە چەند قۆناغێک لەخۆدەگرێت، لەوانە ناساندنی هەزار و 750 مێگاوات وزەی خۆر وەک بەشێک لە بەرهەمهێنانی وزەی نیشتمانی، بەو پێیەی 40%ـی ئەو پڕۆژانە تەواوبوون".

وتیشی، "پلانی داهاتوو ئامانجی بەدەستهێنانی رێژەی بەرهەمهێنانی بەرزە کە باری چاوەڕوانکراو بۆ ساڵانی داهاتوو دابین بکات، بەو پێیەی پێویستی راستەقینەی ساڵی رابردوو گەیشتە 48 هەزار مێگاوات، لەکاتێکدا رێژەی بەرهەمهێنانی تەنها 27 هەزار مێگاوات بوو".

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، "پڕۆژهکانی وزه ی خۆر له پارێزگاکانی کەربەلا، موسەننا و بەسڕه  دەستپێکران، به توانای کۆی گشتی هه زار و 750 مێگاوات، له چوارچێوه ی هه وڵەکانی حکومەت بۆ بەرزکردنه وەی بەکارهێنانی سەرچاوەی ووزەی پاک و بەدیهێنانی بەردەوامی لە بەرهەمهێنانی کارەبادا.


PM:09:42:21/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 180 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو