فوئاد حسێن: به‌ تاران-مان راگه‌یاندووه‌ كه‌ دۆسێی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان پرسێكی‌ ناوخۆییه‌


وێستگه‌نیوز-
فوئاد حسێن وه‌زیری‌ ده‌ره‌وه‌ی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی‌ وڵاته‌كه‌ی‌ رۆژانی‌ زۆر سه‌ختی‌ تێپه‌ڕاندووه‌، ده‌شڵێت: "بۆ تاران پشتڕاستمان كرده‌وه‌ كه‌ پرسی‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان پرسێكی‌ ناوخۆییه‌".

فوئاد حسێن له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌ی‌ شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت وتی‌: "عێراق تا ئێستا له‌ شه‌ڕ رزگاری بووه‌، به‌ڵام هێشتا مه‌ترسی‌ هه‌یه‌ شه‌ڕ به‌رۆكی‌ بگرێت".

ئاماژه‌شی‌ به‌وه‌دا كه‌ "ئێمه‌ كارمان له‌سه‌ر هه‌ڵمه‌تێكی چڕوپڕی میدیایی كرد بۆ ئه‌وه‌ی خه‌ڵك قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ین كه‌ ئێمه‌ له‌ مه‌ترسیداین. ئه‌گه‌ر نه‌توانین ناوه‌وه‌ قه‌ناعه‌ت پێ بكه‌ین، ناتوانین ده‌ره‌وه‌ قه‌ناعه‌ت پێ بكه‌ین. توانیمان په‌یامه‌كه‌ بگه‌یه‌نین، هه‌رچه‌نده‌ ئاسان نه‌بوو. سه‌ره‌تا لێكتێگه‌یشتنی پێویست له‌لایه‌ن هه‌ندێكه‌وه‌ نه‌بوو سه‌باره‌ت به‌و بابه‌تانه‌، به‌ڵام سه‌ركه‌وتوو بووین له‌ ئاگاداركردنه‌وه‌ی هه‌مووان كه‌ عێراق له‌ مه‌ترسیدایه‌ و ده‌بێت له‌ شه‌ڕ دوور بكه‌وێته‌وه‌".

روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ئێمه‌ ده‌ستمان به‌م كه‌یسه‌ كردووه‌ و پێویستمان به‌ ماوه‌یه‌كی دیاریكراو هه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بگه‌ینه‌ ئه‌نجام. ئێمه‌ به‌ هه‌ندێك میكانیزمه‌وه‌ پابه‌ندین و پێشنیاری جیاواز هه‌یه‌، بۆ نموونه‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان به‌شێك بن له‌ هێزی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ كه‌ به‌شێكی یاساییه‌ له‌ هێزه‌ چه‌كداره‌كان. هه‌روه‌ك بۆچوونێكی تر هه‌یه‌ كه‌ داوا له‌ گرووپه‌ چه‌كداره‌كان ده‌كات چه‌كه‌كانیان راده‌ستی هێزه‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ بكه‌ن، و ببنه‌ قه‌واره‌ی سیاسی. بیرۆكه‌ زۆرن".

ئه‌وه‌شی‌ خسته‌ڕوو كه‌ "له‌ كۆتاییدا ده‌بێت بگه‌ینه‌ لێكتێگه‌یشتنی ناوخۆیی و خۆمان له‌ دروستكردنی دۆخێك به‌دوور بگرین كه‌ ره‌نگه‌ خوا نه‌كات شه‌ڕی ناوخۆیی لێبكه‌وێته‌وه‌. ئه‌مه‌ش جێگه‌ی قبوڵكردن نییه‌".

به‌گوێره‌ی‌ رۆژنامه‌كه‌ له‌ ناوه‌نده‌ سیاسییه‌كاندا باس له‌ چاره‌سه‌ركردنی پرسی سێ گرووپی‌ چه‌كدار ده‌كرێت كه‌ له‌ چوارچێوه‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ به‌ "پشتیوانیكردنی به‌رخۆدانی غه‌ززه‌" وه‌سفكرابوو له‌ ئۆكتۆبه‌ری 2023ه‌وه‌ ده‌ستیان له‌ سه‌دان هێرشی چه‌كداریدا بۆسه‌ر ئیسرائیل هه‌بووه‌، و به‌ ئه‌گه‌رێكی زۆره‌وه‌ گرووپه‌كانی‌ بزووتنه‌وه‌ی "نوجه‌با” و "كه‌تائیبی‌ حزبوڵای لوبنان” و كه‌تائیبی‌ "سه‌ید ئه‌لشوهه‌دا"ن.
فوئاد حسێن جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "عێراق پابه‌نده‌ به‌ هه‌ندێك میكانیزمه‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی گرووپه‌ چه‌كداره‌كان... و هیچ بوارێك بۆ هیچ لایه‌نێك نییه‌ توندوتیژی بسه‌پێنێت"

باسی‌ له‌وه‌شكرد كه‌ "هێشتا مه‌ترسی له‌سه‌ر عێراق هه‌یه‌، من باسی ڕێژه‌یه‌كی به‌رز و نزم ناكه‌م. هه‌ڕه‌شه‌ هه‌ڕه‌شه‌یه‌. به‌ڵام من باس له‌ گفتوگۆ ناوخۆییه‌كان ده‌كه‌م كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ فشاری ده‌ره‌كییه‌وه‌ نییه‌، به‌ڵكو په‌یوه‌ندی به‌ پێویستی عێراقه‌وه‌ هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌ ئه‌نجام”.

سه‌باره‌ت به‌ لێدوانه‌كه‌ی‌ عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری‌ باڵای‌ ئێران كه‌ رایگه‌یاندیوو "هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا داگیركه‌رن له‌ عێراقدا، و ده‌بێت گرووپه‌ چه‌كداره‌كان به‌ جددی ڕووبه‌ڕوویان ببنه‌وه‌”ـ فوئاد حسێن ده‌ڵێت: "له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیران بووم له‌ تاران (له‌ 8ی كانوونی‌ دووه‌م). وتمان زۆرێك له‌ وڵاتان بۆچوونه‌كانیان بۆ عێراق ده‌خه‌نه‌ڕوو سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی ناوخۆی وڵات، به‌ڵام پرسه‌كانمان به‌ ته‌نیا خه‌می عێراقییه‌كانه‌ و ئه‌مه‌ش به‌سه‌ر هه‌موواندا جێبه‌جێ‌ ده‌بێت (...) ئاشكرایه‌ كه‌ هه‌ڵوێسته‌كانی ئێران كه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێك بابه‌ت بڵاوده‌كرێنه‌وه‌ دژ به‌ دیدگای ئێمه‌ن، به‌ڵام له‌ كۆتاییدا، بڕیاری كۆتایی ده‌بێت بڕیاری‌ عێراق بێت".

ده‌شڵێت: "به‌هۆی‌ بارودۆخی ناوخۆ و ده‌ره‌كی، حكومه‌تی‌ عێراق رۆژانی زۆر سه‌ختی تێپه‌ڕاند و سه‌ركه‌وتوو بوو".

وتیشی‌: "2024 بۆ ئێمه‌ زۆر قورس بوو، چونكه‌ مامه‌ڵه‌مان له‌گه‌ڵ ناوه‌نده‌كانی هێز و ئه‌و وڵاتانه‌دا ده‌كرد كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كی پته‌ومان له‌گه‌ڵیاندا نییه‌. ئێستا عێراق له‌ ناوچه‌یه‌كدایه‌ كه‌ هێشتا ئاگره‌كه‌ی ده‌سووتێت. پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌: چۆن خۆمان له‌م ئاگره‌ بپارێزین؟ ئه‌و هه‌وڵانه‌ی ساڵی رابردوو دامان له‌ ماوه‌ی داهاتوودا دوو هێنده‌ ده‌بێت، له‌ پێناو پاراستنی عێراق له‌ دۆخێكی سه‌قامگیریدا، دوور له‌ شه‌ڕ و ململانێكان".


PM:05:57:18/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو