وەزارەتی دارایی عێراق راگەیەندراوێکی لەبارەی دابەشکردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم و بەغدا بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتی دارایی عێراق رایدەگەیەنێت، دڵنیایی دەدەن لە خەرجکردنی مووچەی مانگی یەکی مووچەخۆرانی عێراق و لەبارەی مووچەی هەرێمی کوردستانیشەوە روونکردنەوە دەدات.


ئەمڕۆ هەینی 17ی کانونی دووەمی 2025، وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، "راگرتنی پلەبەرزرکردنەوە و خزمەتی گرێبەستەکان لە عێراق، بە پشتبەستن بووە بە بڕیارێکی وەزارەتەکە، وەک بەشێک لە رێوشوێنەکان بۆ رێکخستنەوەی کاری ساڵانە و دیاریکردنی تەرخانکراوی دارایی بۆیان، چونکە تائێستا خشتەکانی بودجەی 2025 پەسەند نەکراون و بڕە پارەی تەرخانکراویان بۆ دیاری نەکراوە".

ئاماژە بەوەکراوە، " بۆ دڵنیابوونەوە لە زامنکردنی رێکخستنەوەی خەرجی حکومەت و دیاریکردنی مووچە بۆ وەزارەت و دەستەکان، بە هەرێمی کوردستانیشەوە، جەخت دەکەینەوە لەسەر گرنگیی بەدواداچوون بۆ دامەزراندنە نوێیەکان و زانینی ژمارەی دروستی فەرمانبەران، بۆ ئەوەی هیچ کورتهێنانێک لە خەرجکردنی مووچەکی یەکی ئەمساڵ روونەدات".

وەزارەتەکە ئاماژەی بەوەشداوە، "مافی فەرمانبەران لە پلەبەرزکردنەوە و سەرەمووچەی ساڵانەیان بەتەواوی پارێزراوە و لە کاتی پێدانی مافەکەیانەوە بۆیان هەژمار دەکرێت، لە ئێستاشدا وەزارەتەکەیان بەدواداچوون بۆ تێچووی دارایی فەرمانبەران دەکات بۆ ئەوەی بەدروستی بیانگرێتەوە و دڵنیا بێت لەوەی بەگوێرەی خشتەکانی یاسای بودجەی ساڵی 2025 هیچ کورتێهێنانێک لە تەرخانکراوی داراییدا روونەدات".

بەپێی راگەیەندراوەکە بێت، ئامادەکاری تەواو کراوە بۆ دابەشکردنی مووچەی مانگی یەکەم بۆ فەرمانبەرانی حکومەتی ناوەندی، هەروەها سەبارەت بە هەرێمی کوردستان وەزارەتی دارایی عێراق داوای زانیاری ورد دەکات دەربارەی ژمارەی راستەقینەی مووچەخۆران.


PM:09:59:17/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 16484 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت