سه‌رۆك كۆمار: پێویسته‌ هاوكاری و لێكتێگه‌یشتنی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌هێز بكرێت


 وێستگه‌نیوز-
له‌میانی‌ كۆبوونه‌وه‌ی‌ له‌گه‌ڵ‌ سه‌رۆكی‌ حزبی‌ ته‌قه‌دووم، سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ "پێویسته‌ هاوكاری و لێكتێگه‌یشتنی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌هێز بكرێت و به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی له‌پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌ ته‌سكه‌كاندا گرنگی پێبدرێت".


نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ كۆمار له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 2025.1.11 د.له‌تیف جه‌مال ره‌شید سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ محه‌مه‌د حه‌لبوسی سه‌رۆكی حزبی‌ ته‌قه‌دووم كۆبووه‌وه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك دۆسیه‌ و ڕێگاكانی به‌هێزكردنی سه‌قامگیریی سیاسی و ئه‌منی له‌ وڵاتدا تاووتوێ كرا".

هاوكات میكانیزمی پاڵپشتیكردنی به‌رنامه‌ی حكومه‌ت بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه خوازراوه‌كان له بواره‌كانی خزمه‌تگوزاری و گه‌شه‌پێدانی ئابووری و نه‌هێشتنی گه‌نده‌ڵی تاوتوێ كرا.

له‌ دیداره‌كه‌دا سه‌رۆك كۆمار جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "پێویسته‌ هاوكاری و لێكتێگه‌یشتنی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان به‌هێز بكرێت و به‌رژه‌وه‌ندیی نیشتمانی له‌پێش به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌ ته‌سكه‌كاندا گرنگی پێبدرێت".

لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆكی حزبی‌ ته‌قه‌دوم ته‌ئكیدی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "یه‌كڕیزی نیشتمانی و كاری هاوبه‌ش گه‌ره‌نتی به‌دیهێنانی خواستی هاوڵاتیانه‌".

هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌دا بارودۆخی ناوچه‌كه‌و گرنگی ڕۆڵی عێراق له سه‌قامگیریی ناوچه‌كه‌دا تاووتوێ كرا.


PM:07:14:11/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت