خامنه‌یی بۆ سودانی: پێویسته‌ رۆڵی هێزه‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ به‌هێزتر و فراوانتر بكرێت


وێستگه‌نیوز-
له‌ میانی دیداره‌كه‌ی له‌گه‌ڵ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق كه‌ به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ تاران، عه‌لی خامنه‌یی رێبه‌ری باڵای‌ ئێران رایگه‌یاند، هێزه‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ توخمێكی ده‌سه‌ڵاتن له‌ عێراق و پێویسته‌ رۆڵیان به‌هێزتر و فراوانتر بكرێت.


به‌ پێی راگه‌یه‌ندراوێكی‌ نووسینگه‌كه‌ی‌، عه‌لی‌ خامنه‌یی رێبه‌ری ئێران له‌ درێژه‌ی قسه‌كانیدا بۆ محه‌مه‌د شیاع سودانی، وتی: "وه‌ك ئێوه‌ ئه‌نجامتان داوه‌ و روونی‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ كه‌ هێزه‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌ یه‌كێكه‌ له‌ پێكهاته‌ گرنگه‌كانی ده‌سه‌ڵات له‌ عێراقدا و ده‌بێت گرنگی به‌ پاراستن و به‌هێزكردنی بدرێت”.

وتیشی‌: "بوونی هێزه‌كانی‌ ئه‌مریكا له‌ عێراق نایاساییه‌ و پێچه‌وانه‌ی‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی‌ گه‌ل و حكومه‌تی‌ عێراقه‌".

جه‌ختیشی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ "به‌ڵگه‌كان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ ئه‌مریكییه‌كان هه‌وڵی چه‌سپاندن و و فراوانكردنی بوونی خۆیان له‌ عێراق ده‌ده‌ن، ده‌بێت ئێمه‌ش به‌ توندی دژایه‌تی بكه‌ین، چونكه‌ ئه‌و كاره‌ داگیركارییه‌”.

لای‌ خۆیه‌وه‌ سودانی خۆشحاڵی خۆی به‌ دانوستانه‌كانی له‌ تاران ده‌ربڕی و هیوای‌ خاوست ئه‌م دانوستان و ڕێككه‌وتنانه‌ی له‌ تاران ئه‌نجام دراون به‌رده‌وام بن بۆ فراوانبوون و قووڵتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات.

سودانی له‌ میانه‌ی دیداره‌كه‌ی‌ له‌گه‌ڵ خامنه‌یی، باسی له‌وه‌ كرد كه‌ "گه‌ل” و "هێزه‌كانی حه‌شدی‌ شه‌عبی‌”، "یه‌كڕیزی‌ و یه‌كگرتوویی نیشتمانی” و "ده‌سه‌ڵات” پێكهاته‌كانی هێزن له‌ عێراقدا.

به‌ڵام له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ نووسینگه‌ی‌ راگه‌یاندنی‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق به‌هیچ جۆرێك باسی‌ ئه‌و په‌یامانه‌ی‌ خامنه‌یی نه‌كراوه‌ و ئاماژه‌ به‌وه‌دراوه‌ كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ په‌یوه‌ندییه‌ دووقۆڵییه‌كان و ڕێگاكانی په‌ره‌پێدانی كرا، به‌ جۆرێك به‌رژه‌وه‌ندییه‌ هاوبه‌شه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات زیاتر بكات.

له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی‌ نووسینگه‌ی‌ سودانی‌ هاتووه‌ كه‌ "له‌ میانی دیداره‌كه‌دا جه‌خت له‌سه‌ر پێویستی زیادكردنی هاریكاری و هه‌ماهه‌نگی هه‌ڵوێسته‌كان كرایه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستی پاڵپشتیكردنی ئاسایش و سه‌قامگیری له‌ ناوچه‌كه‌ و به‌رزكردنه‌وه‌ی دیالۆگی ناوچه‌یی و نێوده‌وڵه‌تی و به‌شداریكردن له‌ پاراستنی یه‌كڕیزی و سه‌روه‌ری سوریا و وه‌ستانه‌وه‌ له‌ پاڵ گه‌له‌كه‌یدا".

كاتێكی‌ پێشتری ئه‌مڕۆ سودانی به‌ سه‌ردانێكی فه‌رمی گه‌یشته‌ تاران و له‌گه‌ڵ مه‌سعود پزیشكیان سه‌رۆك كۆماری ئێران كۆبۆوه‌.



PM:09:17:08/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت