سەدر لە رۆژی دامەزراندنی سوپادا داوای کۆکردنەوەی چەک دەکات
وێستگەنیوز_
موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر لە یادی دامەزراندنی سوپای عێراقدا رایگەیاند، "نەخێرو هەزار نەخێر بۆ چەكی دەرەوەی دەوڵەت و گروپە لاسار و لەدەست دەرچووەكان."
ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی 1ـی 2025، موقتەدا سەدر لەیادی دامەزراندنی سوپای عێراقدا لە پۆستێکیدا لە تۆری کۆمەڵایەتی ئێکس نووسیویەتی: پیرۆزبایی لە تەواوی ئەندامانی سوپای عێراق دەکەم بەتەواوی یەكەكانیەوە بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی سوپا، هیواخوازم لەسەر خۆشەویستی گەل و نیشتیمان بەردەوام بن.
دووپاتیشی کردووەتەوە کە پێویستە چەک لە دەستی سوپای و هێزە ئەمنییەکاندا بێت و دەڵێت: جارێكی دیکە پێداگری لەسەر پێویستی كۆكردنەوەی چەك دەكەینەوە لەدەستی سوپای عێراق و هێزە فەرمیەكانی دەوڵەت، "نەخێر و هەزار نەخێر بۆ چەكی بەرەڵاو گروپە لاسارو لەدەست دەرچووەكان."
ئەم پەیامەی سەدر لە کاتێکدایە، ماوەی زیاتر لە ساڵێکدا حکومەتی عێراق بڕیاری کڕینەوە و وەرگرتنی چەکی بێ مۆڵەتی دەرکردووە و داواکارە هاوڵاتیان چەکە بێ مۆڵەتەکانیان رادەست بکەن.
لە کۆتاییەکانی ساڵی رابردووشدا، وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی عێراق رایگەیاند: بۆ ماوەی ساڵێک و هەتا کۆتاییەکانی 2025 مۆڵەتی کڕینەوەی چەکیان درێژ کردووەتەوە.
لە عێراقدا بەدەەر لە هێزە ئەمنییەکان، ژمارەیەکی زۆری چەک لە دەستی هاوڵاتیان، گروپە چەکدارەکان و هۆزە عەشائیرەکانە، ئەمەش ئاستەنگییەکی زۆری بۆ هێزە ئەمنییەکان درووست کردووە و چەندین جار رووبەرووبوونەوەی قورسیش لە نێوان ئەو لایەنانە و سوپا یاخود هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی عێراقدا روویداوە.
ئەم پەیامەی سەدر لە کاتێکدایە، ئەمرۆ 6ـی کانوونی دووەم، یادی 104 ساڵەی دامەزراندنی سوپای عیراقە کە ناوی دووەمی 'هێزە چەکدارەکانی کۆماری عیراقە'، لە ساڵی 1921ـدا لەژێر دەسەڵاتی شا فەیسەڵی یەکەمدا پێکهێندرا.
AM:11:46:06/01/2025
ئهم بابهته 304
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت