بەهۆی گومانکردن لە بوونی گەندەڵی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق پرۆژەیەک رادەگرێت


وێستگەنیوز-

ئەندامێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایدەگەیەنێت، لیژنەی فەرمانی پەرلەمانی ژمارە (416) بڕیاری راگرتنی پرۆژەی سیستمی تۆمارکردنی مۆبایلی دا.


ئەمڕۆ شەممە 4ی کانونی دووەمی 2025، کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، "لیژنەی فەرمانی پەرلەمانی ژمارە (416) بڕیاری راگرتنی پرۆژەی سیستمی تۆمارکردنی مۆبایلی دا، ئەویش بەهۆی بوونی گومان لەرێوشوێنی ئیحالەکردن و مەترسی ئەمنی لە پرۆژەی سیستمی تۆمارکردنی مۆبایلدا".

ئاماژەی بەوەشکرد، "پرۆژەی سیستمی تۆمارکردنی مۆبایل لەلایەن دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییکردنی عێراقەوە دراوە بە کۆمپانیایەک بۆ جێبەجێکردنی، لە یەکەم کۆبوونەوەیدا لیژنەکە بڕیاریدا پرۆژەکە رابگیڕێت تا لێکۆلینەوەکان تەواو دەبن".

وەک باسی لێوەکردووە، بەپێی ناوەڕۆکی پرۆژەکە، لەمەودوا هەر جۆرە مۆبایل و ئامێریکی پەیوەندیکردن هاوردە دەکرێت بەکۆدێک تۆمار دەکرێت و هەر مۆبایلێک تۆمار نەکرێت لەکارکردن ئەوەستێت، هەر بیانی و گەشتیارێکیش بێتە عێراق پێویستە مۆبایلەکەی تۆمار بکرێ و هەرچی ئەو مۆبایل و ئامێرانەی پێش دەستبەکاربوونی سیستمەکە هاتوونەتە عێراق و ئێستا لەلایەن هاووڵاتیانەوە بەکاردەهێنرێ بە کۆدێک تۆمار دەکرێت بەبێ بەرامبەر.

کاروان یاروەیس دەڵێت، "ئامانج لەم پرۆژەیە زیادکردنی سەرچاوەی داهاتی نانەوتی و رێگرییە لە بە قاچاخ هێنانی مۆبایل، بەڵام لەبەرامبەردا پەرلەمانتاران گومانیان لە بوونی گەندەڵی لە پێدانی پرۆژەکە بە کۆمپانیا و هەروەها مەترسیان هەیە لەبواری ئەمنیدا خراپ بەکاربهێنرێت".




PM:08:52:04/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 648 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو