د. لەتیف رەشید: ئێمە کار بۆ ئاشتی دەکەین


وێستگەنیوز-

سەرۆک کۆماری عێراق رایدەگەیەنێت، دەبێت مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بپارێزرێت، ئاماژە بەوەشدەکات، پێویستمان بە کارکردنی جدی هەیە بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی عێراقییەکان.


د. لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق ئەمڕۆ شەممە 4ی کانونی دووەمی 2025 لەمیانەی بەشداریکردنی لە رێورەسمی رۆژی شەهیدانی عێراق لە وتارێکدا رایگەیاند، "پێویستمان بە کارکردنی جدی هەیە بۆ پتەوکردنی یەکڕیزیی عێراقییەکان و پێدانی ئەولەویەتی پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتیمانیە باڵاکان بە بەدیهێنانی داخوازیەکانی خەڵک بۆ دادپەروەری کۆمەڵایەتی و تەواوکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری له سەرجەم بوارەکان، پاراستنی سامانی گشتی و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی بە هەموو شێوەکانییەوە و لەهەر لایەکەوە بێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "نابێت مەترسییەکان بەکەم بزانرێت، بەڵام لە هەمان کاتدا متمانەمان بە ئیرادە و یەکڕیزی عێراقییەکان هەیە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاڵنگاریەکاندا لە پێناو عێراقێکی ئازاد و سەربەخۆ و پابەند بێت بە دەستدرێژی نەکردن لە دژی ئەوانی تر، عیراق هەوڵ دەدات پرەنسیپەکانی دیالۆگ بچەسپێنێت و مافە رەواکانی هەمووان بپارێزێت، بە تایبەتی بۆ برایانی فەلەستین کە ئێمە پشتگیری لە مافی ژیانێکی ئارام و دەوڵەتی سەربەخۆ دەکەین بۆیان".

سەرۆک کۆماری عێراق وتی، "پەرۆشی خۆمان بۆ سوریا دووپاتدەکەینەوە کە گەلەکەی بەسەر هەلومەرجە سەختەکاندا زاڵ بووە و لای خۆمانەوە پشتیوانی خۆمان بۆ بنیاتنانەوەی دەوڵەتی سەربەخۆیان لە چوارچێوەی دیموکراسییەکی دادپەروەرانە دووپات دەکەینەوە کە مافی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بپارێزێت".

وتیشی، "هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی گرنگی بە پتەوکردنی یەکێتی لە عێراق و ستراتیژی وڵاتەکەمان بدات، دووپاتیشی دەکەینەوە ئێمە کار بۆ ئاشتی دەکەین".




PM:04:19:04/01/2025


ئه‌م بابه‌ته 356 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت