سودانی: پلانمان هەیە قەزای بێجی ببێت بە گەورەترین شاری پیشەسازیی نەوت لەسەر ئاستی عێراق
وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی عێراق رایدەگەیەنێت، هەنگاوی گەورەمان ناوە لە چارەسەری كێشەكانی سوتەمەنی، بەتایبەتی لە بابەتی سوتانی غازدا، ئاماژەی بەوەشکرد، پلانمان ئەوەیە قەزای بێجی ببێت بە گەورەترین شاری پیشەسازیی نەوت لەسەر ئاستی عێراق.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 2ی کانونی دووەمی 2025، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق لە وتارێكدا لە مەراسیمی كردنەوەی ژمارەیەك پرۆژەی كەرتی نەوت لە قەزای بێجی پارێزگای سەلاحەدین رایگەیاند، "وڵاتێك كە رۆژانە زیاتر لە 4 ملیۆن بەرمیل نەوت بەرهەمبهێنێت ناتوانێت بەردەوام بێت لە هاوردەكردنی بەرهەمە نەوتییەكان و غاز".
ئاماژەی بەوەشکرد، "هەنگاوی گەورەمان ناوە لە چارەسەری كێشەكان، بەتایبەتی لە بابەتی سوتانی غازدا، ئەمەش لەڕێگەی ئەو گرێبەست و ریككەوتنانەی كە كراون".
سودانی لە درێژەی وتەکانیدا ئاماژەی بەوەشدا، "هێڵی بۆری ستراتیژیی بەسرە- حەدیسە كە ئەنجومەنی وەزیران دەنگی لەسەرداوە بە توانای زیاتر لە 2 ملیۆن بەرمیلە، ئەمەش نەرمییەكی زیاتر بە پرۆسەی گواستنەوەی دەبەخشێت لە ناوخۆدا".
ئەوەشی وت، "لەبری ئەوەی لە بازاڕە جیهانییەكاندا بیفرۆشین، بەرەو ئەوە دەچین بڕێكی زۆری بەرهەمی نەوتی خاو لە پیشەسازییە نەوتییەكاندا بەكاربهێنین بەهۆی سودەكانی و رەخساندنی هەلی كارەوە".
سەرۆک وەزیرانی عێراق وتیشی، "پلانمان ئەوەیە قەزای بێجی ببێت بە گەورەترین شاری پیشەسازیی نەوت لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە".
PM:07:52:02/01/2025
ئهم بابهته 404
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت