سودانی‌: ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری سوریا ناكه‌ین و ماهیر ئه‌سه‌د نه‌هاتووه‌ته‌ عێراق


وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێراق رایگه‌یاند كه‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ كاروباری سوریا ناكه‌ن و ماهیر ئه‌سه‌د-یش نه‌هاتووه‌ته‌ عێراق. هۆشداریشی‌ دا له‌وه‌ی‌ "ململانێی‌ توركیا و هه‌سه‌ده‌ مه‌ترسییه‌كی‌ راسته‌قینه‌یه‌".


محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ عێرق له‌ چاوپێكه‌وتنێكدا له‌گه‌ڵ‌ كه‌ناڵی‌ حەدەسی سعودی وتی‌: "رژێمی به‌شار ئه‌سه‌د، سه‌رۆك كۆماری له‌كارلادراوی سوریا داوای له‌ عێراق نه‌كرد ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی بكات” و روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "دوای‌ رووخانی‌ رژێمی‌ سوریا، ماهر ئه‌سه‌د نه‌هاتووه‌ته‌ عێراق".

وتیشی‌: "به‌شێك نابین له‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ ئاسایشی سوریا". له‌ هه‌مان كاتدا جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ وڵاته‌كه‌ی ڕێگه‌ به‌ هاتنه‌ ناوه‌وه‌ی چه‌ك و گروپه‌ چه‌كداره‌كان له‌ سوریاوه‌ نادات، خواستی‌ خۆشی‌ ده‌رربڕی بۆ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سوریا بۆ كۆنترۆڵكردنی سنووره‌كان.

ئه‌و لێدوانه‌ی سودانی دوای سه‌ردانی یه‌كه‌م وه‌فدی ئه‌منی عێراق به‌ سه‌رۆكایه‌تی‌ حه‌مید ئه‌لشه‌تڕی سه‌رۆكی ده‌زگای هه‌واڵگری بۆ دیمه‌شق دێت له‌ دوای ڕووخانی ڕژێمی ئه‌سه‌ده‌وه‌، كه‌ تیایدا چاوی‌ به‌ ئه‌حمه‌د ئه‌لشه‌رع سه‌رۆكی‌ ئیداره‌ی‌ نوێی‌ سوریا و به‌رپرسانی حكومه‌تی ئینتقالی ئه‌و وڵاته‌ كه‌وت.

سودانی روونیشیكرده‌وه‌ كه‌ "ئێمه‌ ئیداره‌ی سوریامان له‌ دیدگای خۆمان سه‌باره‌ت به‌ دۆخی ئێستا ئاگاداركرده‌وه‌".

هۆشداریشی‌ دا له‌وه‌ی‌ ملانێی‌ نێوان حكومه‌تی‌ توركیا و هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات "هه‌سه‌ده‌" مه‌ترسییه‌كی‌ راسته‌قینه‌یه‌ بۆسه‌ر ئاسایشی‌ ناوچه‌كه‌ و "هه‌ر كه‌موكوڕییه‌ك له‌ زیندانه‌كانی سوریا عێراق ده‌خاته‌ رووبه‌ڕووی تیرۆر".

 سودانی‌ راشیگه‌یاند كه‌ شانه‌ی‌ تیرۆریستی‌ له‌ سوریا هه‌ن و رێكخراوی‌ داعش ده‌ستی‌ به‌سه‌ر بڕێكی‌ زۆر چه‌كی‌ سوپای‌ رژێمی‌ سوریادا گرتووه‌.


PM:02:39:27/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 888 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت