وەزارەتی نەوتی عێراق هەناردەکردنی نەوتی کەمکردووەتەوە
وێستگەنیوز-
وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماری مانگی تشرینی دووەمی 2024ی بڵاوکردەوە بەپێی راگەیەندراوەکەی وەزارەتی دارایی عێراق بێت، لە مانگی رابردوودا بڕی داهاتی هەناردەکردن 98 ملیۆن و 603 هەزار و 109 بەرمیل بووە.
لە راگەیەندراوەکەی وەزارەتی نەوتی عێراق هاتووە، "سەرجەمی بڕی نەوتی خاوی هەناردەکراو بۆ دەرەوە لە مانگی تشرینی دووەمی رابردوو، لە کێڵگە نەوتییەکانی ناوەڕاست و باشووری عێراق گەیشتە 98 ملیۆن و 603 هەزار و 109 بەرمیل، لەکاتێکدا ناردنە دەرەوەی نەوت بۆ ئوردن 266 هەزار و 715 بەرمیل بوو".
پێشتر وەزارەتی نەوتی عێراق لە رۆژی 1ی تشرینی دووەمی 2024 رایگەیاند، "وەکو پابەندبوونێک بە بڕیارەکانی رێکخراوی ئۆپێک و وڵاتانی بەشدار لە پەیماننامەی پێکەوەکارکردنی هاوبەش بۆ کەمکردنەوەی خۆویستانەی نەوت، پشتڕاستی دەکەینەوە عێراق بەرهەمی خۆی کەمکردووەتەوە و هەناردەی نەوتی بۆ 3.3 بەرمیل لە رۆژێکدا سنووردارکردووە".
تێکڕای هەناردەی نەوتی عێراق لە رۆژێکدا لە مانگی تشرینی یەکەم، 3.327 ملیۆن بەرمیل و مانگی ئەیلوولیش 3.31 ملیۆن بەرمیل بووە.
عێراق هەناردەکردنی نەوتی بەراورد بە مانگی پێشتر، رۆژانە 27 هەزار بەرمیل کەمکردووەتەوە.
PM:05:36:26/12/2024
ئهم بابهته 156
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت