سوودانی: ساڵی داهاتوو لە رۆژی داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە فڕۆکەخانەی شارەکە دەکەنەوە
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، لە ساڵی داهاتوو، لە رۆژی داگیرکردنی موسڵ لەلایەن داعشەوە، فڕۆکەخانەکە دەکەنەوە.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 22ـی 12ـی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ پارێزگای نەینەوا، چووە فڕۆکەخانەی موسڵ و کارەکانی نۆژەنکردنەوەی فڕۆکەخانەکەی بەسەرکردەوە .
بەگوێرەی راگەیەندراوی نووسینگەکەی، محەممەد شیاع سوودانی بڕیاری دا رۆژی 10ـی حوزەیرانی ساڵی داهاتوو فڕۆکەخانەکە بکرێتەوە، کە هاوکاتە لەگەڵ رۆژی داگیرکردنی موسڵ، "ئەوەش پەیامێکی ئاڵنگارییە بۆ تیرۆر."
فڕۆکەخانەی موسڵ لە بودجەی پەرەپێدانی هەرێمەکان نۆژەن دەکرێتەوە و لە ئێستادا زیاتر لە 80٪ـی کارەکانی دروستکردنی رێڕەوی فڕۆکەخانە و هۆڵەکانی فڕۆکەخانەکە تەواوبووە. سوودانی گوێی لە بەرپرسانی کۆمپانیای جێبەجێکار گرت و بڕیاری دا سەرجەم ئەو ئاستەنگییانە لاببرێت، کە هاتووەتە بەردەم کارەکانیان.
فرۆکەخانەکە لە هەشت مانگی رابردوودا نۆژەنکردنەوەی 80٪ـی تێپەڕاندووە و بەگوێرەی مەرجەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی مەدەنی و کۆمپانیای ئاسمانیی نۆژەن دەکرێتەوە.
فڕۆکەخانەى نێودەوڵەتیى موسڵ لە ساڵى 1920 دەست بە بونیتنانی کرا و رووبەرەکەى هەزار و 600 دۆنمە، بەڵام لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا لە موسڵ لە ساڵانی 2014 - 2017، 70٪ـی ئەو فڕۆکەخانەیە وێرانبوو.
PM:04:50:22/12/2024
ئهم بابهته 232
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت