ساڵح موتڵه‌گ: وڵات به ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌دا ده‌برێت و دۆخی سیاسی له به‌رده‌م گۆڕانكاریدایه
وێستگه‌نیوز-
جێگری پێشووی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت كه تایه‌فه‌گه‌ری له نێو كۆمه‌ڵگای عێراقی كاڵ بووه‌ته‌وه، به‌ڵام هێشتا هه‌ندێك له سیاسییه‌كان په‌یڕه‌وی ده‌كه‌ن، ده‌شڵێت: "وڵات به ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌دا ده‌برێت و دۆخی سیاسی له به‌رده‌م گۆڕانكاریدایه".
ساڵح موتڵه‌گ، جێگری پێشووی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و یه‌كێكه له سه‌ركرده دیاره‌كانی سوننه‌ی عێراق، بۆ دەنگی ئەمریکا وتی:"وڵات به ئاراسته‌یه‌كی هه‌ڵه‌دا ده‌برێت و دوای چاره‌كه سه‌ده‌یه‌ك له رووخانی به‌عس، گه‌نده‌ڵی به رێژه‌یه‌كی گه‌وره بڵاوه‌و پشك پشكێنه‌ی حزبی كۆتایی به توانا‌و لێهاتوویی هێناوه، هیچ داهاتوویه‌كی روون بۆ نه‌وه‌ی ئێستا به‌دی ناكرێت".
له دوای رووخانی رژێمی ئه‌سه‌د و كۆنترۆڵكردنی دیمه‌شق له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی ته‌حریری شام، به‌شێك له سه‌ركرده سوننه‌كانی عێراق به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌شیان سه‌باره‌ت به پێشهاته‌كانی دۆخی سوریا بڵاوكرده‌وه.
هه‌ریه‌ك له مه‌حمود مه‌شهه‌دانی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، ئوسامه نجێفی و سه‌لیم جبوری سه‌رۆكانی پێشووی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ساڵح موتڵه‌گ جێگری پێشووی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، رایانگه‌یاند كه "عێراق به‌شێكه له رووداوه‌كانی ناوچه‌كه‌و ئاڵه‌نگاری و فشاری زۆری له‌سه‌ره، هه‌رچه‌نده تیرۆر له عێراق دا پشتیوانی له ده‌ستداوه، به‌ڵام ده‌بێت سه‌رچاوه‌كانی سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی تیرۆر بنه‌بڕ بكرێن."
ساڵح موتڵه‌گ ده‌ڵێت: "له به‌یاننامه‌كه‌ماندا، ئامۆژگاری ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستامان كردووه به‌وه‌ی دۆخه‌كه به‌مجۆره به‌رده‌وامی نابێت و ده‌بێت گۆڕانكاری له خۆیاندا بكه‌ن، پێش ئه‌وه‌ی رووداوی گه‌وره رووبدات و خۆشیان لێی زه‌ره‌رمه‌ند بن".
هاتنه ده‌نگی سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بی سوننه‌و بڵاوكردنه‌وه‌ی به‌یاننامه هاوبه‌شه‌كه‌یان له كاتێكدایه دۆخی عێراق ئاڵۆزه، ناوخۆی پێكهاته‌ی شیعه و به دیاریكراوی په‌یوه‌ندی نێوان حكومه‌تی عێراق و گروپه میلیشیاكان باش نییه، ناوخۆی كورد و عه‌ره‌بی سوننه‌ش په‌رت بووه.
ساڵح موتڵه‌گ ده‌ڵێت: "ئێمه داوای گفتووگۆی نیشتمانی گشتگیر ده‌كه‌ین به به‌شداری سه‌رجه‌م پێكهاته‌و تایه‌فه جیاوازه‌كان، تا ئه‌و گرفتانه دیاری بكه‌ین وڵات پێیانه‌وه ده‌ناڵێنێت و رێگرن له به‌رده‌م پێشكه‌وتنی وڵات، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌وڵبده‌ین چاره‌سه‌ریان بۆ بدۆزینه‌وه".
هاتنه ده‌نگی سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بی سوننه‌و ره‌خنه‌گرتنیان له چۆنیه‌تی به‌ڕێوه‌بردنی عێراق له‌كاتێكدایه، لایه‌نه شیعه‌كان ترسیان له په‌ڕینه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی سوریا بۆ عێراق و خرۆشانی شه‌قامی سوننه هه‌یه له دژیان، بۆیه هێزێكی زۆری حه‌شدی شه‌عبی و سوپایان له سنوره‌كانی سوریا جێگیر كردووه.
ڕووبه‌ری سنوری عێراق له‌گه‌ڵ سوریا زیاتر له 600 كیلۆمه‌تره، هێزه عێراقییه‌كان به‌شێكی زۆر له‌و رووبه‌ره سنورییه‌یان به دیواری كۆنكرێتی و ته‌لبه‌ندكردن وخه‌نده‌قی پان و قوڵ و كامیرای گه‌رمی بینین كۆنترۆڵكردووه، به‌ڵام هێشتا لایه‌نه شیعه‌كان ترسیان له دۆخی عێراق هه‌یه.
عه‌بدولره‌حمان جه‌زائیری، سه‌ركرده له ده‌وڵه‌تی یاسا به سه‌رۆكایه‌تی نوری مالیكی، رایگه‌یاند،"ترسێكی سیاسی راسته‌قینه هه‌یه له روودانی كوده‌تا له عێراق، چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی و حكومه‌تیش هه‌ستیان به‌و مه‌ترسیانه كردووه."
ترسی لایه‌نه شیعه‌كان له دۆخی سیاسی عێراق و روودانی گۆڕانكاری له‌كاتێكدایه، به‌شێك له سه‌ركرده‌كانی عه‌ره‌بی سوننه نایشاردنه‌وه خۆشحاڵن به‌و گۆڕانكارییانه‌ی له سوریا روویانداوه، له‌كاتێكدا گۆڕانكارییه‌كانی سوریا شیعه‌كانی عێراقی نیگه‌ران كردووه.
سه‌باره‌ت به ئه‌گه‌ری په‌ڕینه‌وه‌ی ئاڵۆزییه‌كانی سوریا بۆ عێراق، ساڵه‌ح موتڵه‌گ ده‌ڵێت: "روودانی پشێوی له عێراق به‌دوور ده‌زانم، به‌ڵام دۆخی ئێستای سیاسی عێراق له به‌رده‌م گۆڕانكاریدایه و ئه‌مڕۆش روونه‌دات، گۆڕانكاری دوای ماوه‌یه‌كی تر هه‌ر رووده‌دات".
جه‌ختیشیكرده‌وه،"وڵات به‌مجۆره به‌رده‌وام نابێت، ئینتیما بوون بۆ وڵاتی تر كاریگه‌ری نه‌رێنی ده‌بێت".
هه‌رچه‌نده به‌شێك له هێزه شیعه‌كانی عێراق هاوڕای ئێران بوون بۆ پاڵپشتیكردنی رژێمی سوریا، به‌ڵام به‌شێكی تری هێز و كه‌سایه‌تییه شیعه‌كانی عێراق دژی ده‌ستوه‌ردان بوون له دۆخی سوریا و پاڵپشتی بێ لایه‌ن بوونی عێراقیان ده‌كرد له‌و شه‌ڕه‌دا.
PM:04:11:17/12/2024
ئه‌م بابه‌ته 940
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت