باسم عەوادی: عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ سوریا نه‌كردووه‌


وێستگەنیوز-

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، عێراق هیچ پرۆژه‌یه‌كی یەكلایەنەیان سه‌باره‌ت به‌ سوریا نییه‌، ئاماژە بەوەشدەکات، لە سەردانەکەیدا بۆ بە‌غدا وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆڵی حکومەتی عێراقی لە هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە بەرز نرخاند.


لە راگەیەندراوێکدا باسم عەوادی، وتەبێژی حكومەتی عێراق رایگەیاند، "عێراق به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك ده‌ستوه‌ردانی سه‌ربازی له‌ سوریا نه‌كردووه‌، هەروەها عێراق هیچ پرۆژه‌یه‌كی یەكلایەنەی سه‌باره‌ت به‌ سوریا نییه‌ و پشتگیری هیچ گروپ و لایه‌نێكی سیاسی له‌و وڵاته‌ ناكات، بەڵام ناكرێت تێڕوانینی عێراق سه‌باره‌ت به‌ رووداوه‌كانی سوریا به‌هه‌ند وه‌رنه‌گیرێت".

ئاماژەی بەوەکرد، "له‌ كاتی سه‌رهه‌ڵدانی ئاڵۆزی و شه‌ڕه‌كانی ئه‌م دواییه‌ی سوریا، عێراق په‌یوه‌ندیی به‌رده‌وامی له‌گه‌ڵ هاوپەیمانان و ئه‌مریكا هه‌بووه‌ و سەردانی ئەنتۆنی بلینكن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکاش بۆ بەغدا پشتڕاستیکردەوە کە ئاسایشی عێراق پارێزراوە و هیچ پێشێلکارییەک رێگەپێدراو نییە".

وتەبێژی حکومەتی عێراق وتی، "وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رۆڵی حکومەتی عێراقی لە هێورکردنەوەی دۆخی ناوچەکە بەرز نرخاند، هەروەها هاوپەیمانی نێودەوڵەتی تائێستاش لە عێراق ئامادەیە و لەماوەكانی رابردوودا 75 هێرشیان لە دژی تیرۆریستانی داعش ئەنجامداوە".

وتیشی، "نه‌ داعش و هیچ گروپێكی دیكه‌ی چه‌كداری توندڕه‌و بۆی نییه‌ و ناتوانێت سنووره‌كانی عێراق ببه‌زێنێت، به‌تایبه‌تی كه‌ هێزه‌ عێراقییه‌كان به‌ پشتیوانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانیی نێوده‌وڵه‌تی ئاماده‌ن گورز له‌ هه‌ر جموجوڵێكی تیرۆریستی بده‌ن".








PM:10:32:13/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 192 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت