سودانی بۆ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا: پێویستە رێگە نەدرێت دەست درێژی بکرێتە سەر خاکی سوریا لە لایەن هیچ لایەنێکەوە
وێستگەنیوز-
محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ئەمڕۆ هەینی 13ی کانونی یەکەمی 2024، پێشوازی كرد لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
لە میانەی دیدارەکەدا تاوتوێی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی پەرەپێدانیان و هاوکاری هاوبەش کرا، هەروەها گفتوگۆ کرا لەسەر و بارودۆخی ناوچەکە و پێشهاتەکانی رووداوەکانی ئێستای سوریا و ئەو هەوڵە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەی کە پێویستە بۆ بەهێزکردنی ئاسایشی سوریا و سەقامگیری تەواوی ناوچەکە.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی عێراقی بۆ پشتیوانی کردنی سوریا لەم قۆناغە گرنگە نوێ کردەوە، هەروەها گرنگە وڵاتانی دۆست هاوکاری سورییەکان بن لە بنیاتنانەوەی وڵاتەکەیان، و رووبەڕووبوونەوەی ئەو ئاستەنگانەی کە لەوانەیە کاریگەری بکاتە سەر ئاشتی مەدەنی، و جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەرانی هەموو پێکهاتەکانی گەلی سوریا بەشداربن لە بەڕێوەبردنی وڵات، بۆ دڵنیابوون لە بەهێزکردنی سەقامگیری، هەروەها جەختی کرایەوە لەسەر ئەوەی کە عێراق چاوەڕێی کردار دەکات نەک قسە لەو کەسانەی کە ئێستا بەرپرسن لە بەڕێوەبردنی قۆناغی گواستنەوە لە سوریا.
سودانی ئاماژەی بەوەکرد "پێویستە رێگە نەدرێت دەست درێژی بکرێتە سەر خاکی سوریا لە لایەن هیچ لایەنێکەوە، چونکە ئەمە نوێنەرایەتی هەڕەشەیەک دەکات بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".
لە لای خۆیەوە وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە لەسەر رێککەوتنی ئەمریکا لەگەڵ لایەنی عێراقی و پێویستی رێزگرتن لە هەڵبژاردەکانی گەلی سوریا و کارکردن بۆ پێکهێنانی حکومەتێکی گشتگیر، کە رەنگدانەوەی ئیرادەی گەلی سوریا و هەمەچەشنی پێکهاتەکانی بێت و ئاماژەی بە رۆڵی سەرەکی عێراق کرد، کە نوێنەرایەتی هاوبەشێکی سەرەکی دەکات لەناوچەکە، و گرنگی راوێژکردن لەگەڵیدا لەو پێشهاتانەی کە ئێستا ناوچەکە بەخۆیەوە دەیبینێت، هەروەها جەختی کردەوە، "لەسەر پابەندبوونی ئەندامانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بەرامبەر بە ئاسایش و سەروەری و سەقامگیری عێراق".
لەبەشێکی تری دیدارەکەدا باس لە رووداوەکانی غەززە و گرنگی بەردەوامیدان بە کارکردن کرا بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ، و جەخت کرایەوە لەسەر خستنەگڕی هەموو هەوڵەکان بۆ جێگیرکردنی ئاگربەست لە لوبنان.
PM:06:30:13/12/2024
ئهم بابهته 468
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت