ناوه‌ڕۆكی‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌ی‌ شازاده‌ی‌ سعودیه‌ بۆ سودانی‌ ئاشكرا كرا


وێستگه‌نیوز-
شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌ به‌ ته‌له‌فۆن په‌یوه‌ندیی به‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراقه‌وه‌ كرد و بارودۆخی‌ سوریایان تاووتوێ كرد، نووسینگه‌كه‌ی سودانی-یش ده‌ڵێت: "هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌ پاراستنی سه‌روه‌ریی و یه‌كپارچه‌یی خاكی سوریا كردووه‌ته‌وه‌".

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 11ی كانوونی یه‌كه‌می 2024 محه‌مه‌د شیاع سودانی‌ سه‌رۆك وه‌زیر په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنی له‌ محه‌مه‌د بن سه‌لمان شازاده‌ی جێنشینی سعودیه‌وه‌ پێگه‌یشتووه‌ و پێكه‌وه‌ رووداوه‌كانی سوریا و كاریگه‌رییه‌كانیان له‌سه‌ر ناوچه‌كه‌ تاووتوێ كردووه‌.

ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شداوه‌ كه‌ "سودانی و بن سه‌لمان جه‌ختیان له‌ گرنگی‌ هه‌ماهه‌نگی‌ كاری‌ عه‌ره‌بی‌ هاوبه‌ش و كاركردن بۆ چه‌سپاندنی‌ وتووێژ له‌نێوان سه‌رجه‌م لایه‌نه‌كانی‌ سوریا و زه‌مانه‌تی‌ ئاسایشی‌ و سه‌روه‌ری و یه‌كپارچه‌یی سوریا كردووه‌ته‌وه‌".

له‌ په‌یوه‌ندییه‌ ته‌له‌فۆنییه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوو وڵات و چۆنێتی‌ په‌ره‌پێدانی‌ له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا گفتووگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا به‌جۆرێك له‌ به‌رژه‌وه‌ندی‌ گه‌لی‌ هه‌ردوو وڵاتدا بێت.

له‌ كۆتاییدا سودانی پیرۆزبایی له‌ بن سه‌لمان كرد به‌بۆنه‌ی‌ ده‌ستنیشانكردنی سعودیه‌ له‌ لایه‌ن فیفاوه‌ بۆ میوانداریكردنی جامی جیهانیی 2034ـی تۆپی پێ و هیوای‌ پێشكه‌وتن و بوژانه‌وه‌ی سعودیه‌ خواست.


PM:11:03:11/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 936 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت