فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا لەگەڵ سوودانی و هەسەدە کۆبووەتەوە


وێستگەنیوز_
 
فەرماندەی ناوەندی هێزەکانی ئەمریکا رایگەیاند، فەرماندەی هێزەکەیان سەردانی عێراق و سووریای کردووە و دوو کۆبوونەوەی ئەنجامداوە.

دوێنێ سێشەممە، 10ـی کانوونی یەکەمی 2024، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) لە راگەیەندراوێکدا وتی، "ئەمڕۆ جەنەڕاڵ کورێلا سەردانی فەرماندە سەربازییەکانی ئەمریکا و هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە)ـی کردووە".
 
ئاماژەی بەوەشکرد، "جەنەڕاڵ کورێلا نوێترین زانیاری لەبارەی رێکارە ئەمنییەکان وەرگرتووە و زانیاری لەبارەی ئەو هەوڵانەش وەرگرتووە کە رێگە لە رێکخراوی داعش دەگرن سوود لە دۆخەکە وەربگرن بۆ بەرژەوەندی خۆیان."
   
بە گوێرەی راگەیەندراوەکە؛ فەرماندەی سێنتکۆم "سەردانی عێراقیشی کردووە و لەگەڵ محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق کۆبووەتەوە."
 
ئاماژەی بەوەشکردووە، "کورێلا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق باسیان لە پتەوکردنی هەماهەنگییەکان، ئاسایشی ناوچەکە، دۆخی سووریا و ئۆپەراسیۆنەکانی شکستپێهێنانی داعش" کردووە. 
 
دووپاتیشی کردووەتەوە: "ئێمە پابەندین بە شکستپێهێنانی هەمیشەیی داعش و ئاسایشی هاوبەشەکانمان لە دراوسێی سووریا، لەنێویاندا عێراق، ئوردن، لوبنان و ئیسرائیل."
 
لای خۆشیەوە نوسینگەی محەممەد شیاع سوودانی لە راگەیەندراوێکدا لەبارەی کۆبوونەوەکەوە باسی لەوە کردووە، "سەرۆکوەزیران پابەندیی عێراقی بۆ هەماهەنگیکردن لەگەڵ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ رووبەڕووبوونەوەی گروپە تیرۆریستییەکان و دڵنیایی لە ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە دووپاتکردووەتەوە."


AM:10:02:11/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 856 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت