چۆن خوێندنه‌وه‌ بۆ هاتنی‌ هێزه‌كانی هه‌سه‌ده‌ به‌ره‌و سنووری عێراق ده‌كرێت؟


وێستگه‌نیوز-
ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 7ی كانوونی دووه‌می 2024ئه‌حمه‌د ئه‌لیوسف توێژه‌ر و شرۆڤه‌كاری سیاسی سوری، جه‌ختی‌ له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ جموجۆڵی هێزه‌كانی سوریای دیموكرات (هه‌سه‌ده‌) به‌ره‌و سنووری عێراق، به‌ تایبه‌تی ده‌روازه‌ی‌ ئه‌لبوكه‌مال و دێره‌زۆر، په‌یامێكی دڵنیاكردنه‌وه‌یه‌ بۆ حكومه‌تی عێراق.


ئه‌لیوسف بۆ ئاژانسی‌ "به‌غداد ئه‌لیه‌وم" ده‌ڵێت: "حكومه‌تی عێراق ترسی هه‌یه‌ له‌ بوونی ده‌سته‌ی‌ ته‌حریری شام و سه‌رجه‌م گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی‌ تری‌ ئۆپۆزسیۆنی سوریا له‌سه‌ر سنووره‌كه‌ی و له‌ ناوچه‌كانی ئه‌لبو كه‌مال، هه‌روه‌ك مه‌ترسی جموجوڵی‌ داعش له‌م ناوچانه‌دا هه‌یه‌”.

وتیشی‌: "هاتنی‌ هێزه‌كانی‌ سوریای‌ دیموكرات له‌سه‌ر داوای‌ ئه‌مریكا بووه‌ به‌ ئامانجی‌ رێگریكردن له‌ هه‌ر جموجوڵێكی‌ داعش له‌ ناوچه‌ بیابانه‌كان و ناوچه‌كانی رۆژئاوای فورات، و ناردنی په‌یامی دڵنیاییه‌ بۆ عێراق".

دوێنێ هه‌ینی، هێزه‌كانی سوریای دیموكرات ده‌روازه‌ی سنووری ئه‌لبوكه‌مالیان له‌ دیوی سوریاوه‌ كه‌ هاوسنووره‌ له‌گه‌ڵ عێراق كۆنترۆڵكرد.

ئاژانسی ڕۆیته‌رز له‌ زاری دوو سه‌رچاوه‌ی سه‌ربازیی سوریاوه‌ بڵاویكرده‌وه‌ كه‌ "ده‌روازه‌ی سنووری ئه‌لبوكه‌مال له‌گه‌ڵ عێراق له‌ ئێستادا له‌لایه‌ن هێزه‌كانی سوریای‌ دیموكراته‌وه‌ كۆنترۆڵ كراوه‌”.

سه‌رچاوه‌كان له‌ "هێزه‌كانی سوریای دیموكرات كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌مریكاوه‌ پاڵپشتی ده‌كرێن" رایانگه‌یاند كه‌ شه‌ڕڤانه‌كانیان "له‌ شاری دێره‌زۆر و رۆژئاوای فورات" له‌ نزیك سنووری عێراق جێگیركراون.

ئه‌مه‌ش له‌كاتێكدایه‌ كه‌  له‌ چه‌ند رۆژی‌ رابردوودا ده‌سته‌ی ته‌حریری شام و گرووپه‌ چه‌كداره‌كانی تری‌ لایه‌نگری توركیا، هێرشیان بۆ سه‌ر ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی‌ حكومه‌تی سوریا ده‌ستپێكرد و شاره‌كانی حه‌له‌ب، حه‌ما، سویدا، درعایان كۆنترۆڵ‌ كردووه‌ و به‌ره‌و شاری‌ حومس پێشڕه‌وی‌ ده‌كه‌ن.



PM:02:13:07/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 2176 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت