عەباس عێراقچی: دەبێت پشتیوانی لە حکومەت و سووپا و گەلی سووریا بکرێت


وێستگەنیوز_

وەزیری دەرەوەی ئێران ناوەرۆکی کۆبوونەوەی لەگەڵ هاوتا سووری وعێراقییەکەی ئاشکراکرد و وتی: "ئەبجامی کۆبوونەوەکان سێ پەیام لە خۆ دەگرێت و دەبێت پشتیوانی لە حکومەت و سووپا و گەلی سووریا بکرێت و بەرەنگاری تیرۆر ببینەوە."

ئەمڕۆ هەینی، 7ی کانوونی یەکەمی 2024، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لەبەغداوە باسی لەوەکرد، "لە کۆبوونەوە سێقۆڵییەکانی ئێران، عێراق و سووریا ڕێککەوتووین بۆ ئەوەی کۆبوونەوەکان بەردوام بن و سێ پەیام لەخۆ دەگرێت، یەکەمیان دەبێت پشتیوانییەکانی سووریا بەردەوام بێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی گرووپە تیرۆریستییەکان، کە پلانگێڕی ئەمەریکا و ئیسرائیلی لە پشتەوەیە."

ڕاشیگەیاند، "ئێستا لە چەند ناوچەیەک حکومەت و سووپا و خەڵکی سووریا بەرەنگاری ئەو گرووپە تیرۆریستییانە دەبنەوە کە هێرشەکانیان دەستپێکردووە."

ئاماژەی بەوەشکرد، "پەیامی دووەم، ئەوەیە هەڕەشەکانی سەر سووریا بە تەنیا لە سووریا ناوەستنەوە، ئەگەر سووریا بکەوێتە دەستی گرووپە تیرۆریستییەکان و ببێتە مۆڵگەی تیرۆریستان، ئەوە هەڕەشە و مەترسییەکان بەرەو وڵاتانی دراوسێ دەپەڕنەوە، عێراق، تورکیا و ئێران و ڵاتانی دیکەش دەگرێتەوە، چونکە تیرۆر سنوورەکان نا ناسێت و دەبێت بەرەنگاریان ببینەوە."

لە درێژەی قسەکانیدا ئەوەشی خستەڕوو، "پەیامی سێیەم ئەوەیە، ناکرێت جیاکاری لە نێوان گرووپە تیرۆریستییەکان و بەرەنگاربوونەوەیان بکرێت، چونکە هیچ تیرۆریستی باش یان خراپ نییە، لە نێویاندا گرووپی تەحریرولشام و بەرەی نووسڕە لە لایەن نەتەوە یەکگرتووەکان بە تیرۆریست ناسێندراون، هەربۆیە نابێت لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر بێدەنگ بن."


PM:08:10:06/12/2024


ئه‌م بابه‌ته 384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت