دەقی قسەکانی سوودانی لە پەرلەمان سەبارەت بە مووچە و نەوتی هەرێمی کوردستان
وێستگەنیوز_
محەممەد شیاع سوودانی رایگەیاند، بۆ ئەم سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵ بۆ هەر مانگێک ناتوانن لە 760 ملیار دینار زیاتر بۆ مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان رەوانە بکەن، دەشڵێت بە نووسراوی فەرمی، داوایان لە ئێران کرد، رێگەنەدات نەوتی هەرێمی کوردستان ببرێتە دەرەوە.
پاش ئەوەی دوێنێ چوارشەممە 4ـی 12ـی 2024، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، چووە پەرلەمان، تیشکی خستە سەر کۆمەڵێک پرسی تایبەت بە کابینە وەزارییەکەی و کار و چالاکییەکانی، لەگەڵ ئاماژەدان بە دوایین پێشهاتەکانی ناوخۆیی و ناوچەکە. یەکێک لەو پرسانەی سوودانی باسی کرد، مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان و هەموارکردنی مادەی 12ـی یاسای بودجە بوو، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان.
دەقی قسەکانی محەممەد شیاع سوودانی:
لە یاسای بودجە، رێگەمان داناوە بۆ رادەستکردنی داهاتی نەوتی و نانەوتی، ئەو رێگایانە روون و راشکاوان، بەتایبەتی پرسی چارەسەرکردنی گرێبەستە نەوتییەکان، کە تێبینیی و کێشەی لەسەرە؛ بەدرێژایی ساڵانی رابردوو سەرچاوەی ناکۆکیی بووە. بڕیاری دادگەی پاریس فاکتەرێکی دیکەی پشتیوانی پێداین، بۆ رێگە دروستەکەی پرسی هەناردەکردنی نەوت."
ئێمە لەگەڵ ئەو بڕگانە بەریەک کەوتین، ئەوەش وایکرد هەموو ماددەکە جێبەجێ نەکرێت. هەموو ئەو مادانەی جێبەجێ نەکراون، کە پەیوەستن بە پەیوەندییەکان لەگەڵ هەرێمی کوردستان. داهاتی نانەوتی تاوەکو ئێستا لەنێوان ئێمە و حکومەتی هەرێم خاڵێکی ناکۆکییە. شیکردنەوە بۆ یاساکانی دەروازە سنوورییەکان و ئیدارەی دارایی هەیە، چەندە و کامە باجی خۆجێیە؟ یان باجی دیکەیە؟ ئەمانە تاوەکو ئێستا یەکلانەکراونەتەوە.
هەندێک برا؛ وتیان پێدانی سولفە بە هەرێمی کوردستان سەرپێچییە. بەڵێ ئەو کات ئێمە بڕیارمان لەبارەوە داوە، بەشێوەی قەرز نەوەک سولفە، ئەوەش بۆ پێدانی مووچەی فەرمانبەران بوو."
پابەندیمان لە بەرامبەر فەرمانبەران هەیە، وەک حکومەت و وەک پەرلەمانیش. فەرمانبەرانی عێراق لە هەر شوێنێک بن لە هەرێمی کوردستان، ئەنبار و بەسرە، بەرپرسیاریەتیی شەرعی و ئەخلاقیمان لە بەرامبەریاندا هەیە. وەک چارەسەرێک لە رێگەی بانکەکانەوە قەرزمان بە هەرێمی کوردستان دا.
بڕیاری دادگای فیدراڵیمان بۆ پێدانی مووچە بە فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان جێبەجێکرد، بڕیارەکە روونە؛ مووچە لە چوارچێوەی ئەو پشکە دەبێت کە لە یاسای بوجەدا بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانکراوە، کە مانگانە 950 ملیار دینارە. حیساباتی خشتەکانی بودجە لە 950 ملیار دینار کەمترە، بۆیە ئەو کورتهێنانە دروستبووە کە ئێستا هەمانە و بە ناچاری بۆ ئەو سێ مانگەی کۆتایی ئەمساڵ، مانگانە جگە لە 760 ملیار دینار هیچی دیکەمان لەبەردەستدا نییە."
بە پەسەندکردنی هەمواری یاسای بودجە و گەڕاندنەوەی داهاتی نانەوتی دەکرێت چارەسەری ئەمە بکەن.
دەبێت هەرێمی کوردستان بڕگەکانی دیکە جێبەجێ بکات بەتایبەتی داهاتی نانەوتی. پابەندبوون بە پێناسی گومرگی و رسووماتی باج و دەروازەکانەوە نییە، ئەوەش کاریگەری لەسەر داهاتەکان هەبووە، تەنانەت کاریگەری لەسەر کشتوکاڵی و پاراستنی بەرهەمهێنەری ناوخۆیی لە پارێزگەکانی دیکەدا دروستکردووە.
ناچاربووین لە چوارچێوەی دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتیی گومرگەکان، مەفرەزە دابینێنن بۆ تۆکمەکردنی جێبەجێکردنی ئەو یاسایانە.
لەبارەی هەموارکردنی یاسای بودجەی سێ ساڵەی 2023، 2024 و 2025 دا، کە تایبەتە بە نەوتی هەرێمی کوردستان. دوای دەرچوونی بڕیاری دادگای پاریس لەبەرژەوەندیی عێراق لە دژی تورکیا، هەناردەکردنی نەوت لە رێگەی بۆریی نەوتی عێراقەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا راگیرا.
لە یاسای بودجەی فیدراڵی، رێکار دانراوە لەنێوان میکانزمی هەژمارکردنی تێچووی بەرهەمهێنان و گواستنەوەی نەوت لە نەوتی بەرهەمهاتووی هەرێمی کوردستان، کە رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکرێت، چونکە هەناردەکردنی تەنیا لە رێگەی کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوت 'سۆمۆ' دەکرێت.
لە ماددەی 12/دووەم/جیم لە یاسای بودجە باس لەوەکراوە؛ وەزارەتی دارایی فیدراڵیی قەرەبووی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکاتەوە لە تێچووی ئەو بڕە نەوتەی کە بەگوێرەی هەردوو بڕگەی (ئەلف و با)ـی ئەم بەندە، بەرهەمدەهێنرێت و رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی دەکات، دەبێت تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی هەژمار بکرێت کە یەکسان بێت لەگەڵ تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی نەوت لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی، جارانی ژمارەی ئەو بەرمیلانە کە رادەستکراون.
لەسەر بنەمای ئەم تێکستە، تێکڕای تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی هەر بەرمیلێک نەوت شەش دۆلارە، ئەوەش بەگوێرەی حیساباتی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی.
دوای دەرچوونی یاسای بودجە بەگوێرەی ئەو هاوکێشەیە، راستەوخۆ شەش دۆلارمان هەژمار کرد. حکومەتی هەرێمی کوردستان و ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێمی کوردستان دا کاردەکەن، ئەمەیان رەتکردەوە، چونکە لای ئەوان تێچووی بەرهەمهێنانی نەوت بۆ هەر بەرمیلێک نزیکەی 26 دۆلارە.
بە درێژایی ئەو ماوەیەی رابردوو، پرۆسەی هەناردەکردنی نەوتەکە راگیراوە، بەڵام بەم دواییانە بەرهەمهێنان بەردەوام بووە، ئەو بەرهەمهێنانە گەیشتە نزیکەی 270 هەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە، ئەمە جگە لەو 50 هەزار بەرمیلەی بۆ بەکاربردنی ناوخۆیی سوودی لێوەدەگیرێت، کە بەسەر پاڵاوگەکانی نێو هەرێمی کوردستان دابەشکراون، بەشێکیشی براوەتە دەرەوەی عێراق.
کارەکە گەیشتووەتە قۆناخێک، کە بێڕێزکردنە بە دەوڵەت و رووبەڕووی سزای نێودەوڵەتیی بووینەتەوە، چونکە زۆربەی بەرهەمە نەوتییەکان بە رێگەی ئێرانی دراوسێوە دەڕوات.
لە نووسینگەکەمەوە نووسراومان بۆ وەزارەتی دەرەوە کردووە، وەزارەتی دەرەوەش بۆ لایەنی ئێرانی کردووە، بەوەی رێگە نەدات ئەم مادانە بچنە ناو ئێران، چونکە ئەمە مافێکی سەروەرییە، ئەو کارە تەنیا دەبێت لە رێگەی کۆمپانیای سۆمۆوە بکرێت.
راگرتنی نەوتی هەرێمی کوردستان زیانی لێداوین، دەبووایە داهاتی ئەو نەوتەی هەرێمی کوردستان بچێتە نێو یاسای بودجەی فیدراڵی، تاوەکو لەژێر ئەو رۆشناییەوە دەست بە پارەدان بکەین، بەتایبەتی مووچەی فەرمانبەران، ئەوەش بەگوێرەی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی.
زیانێکی دیکە داهاتی کەرکووکە، کە رۆژانە نزیکەی 100 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی ئەو بۆرییەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا رەوانە و هەناردە دەکرا.
هەروەها بەگوێرەی پابەندبوونەکانی عێراق بە ئۆپێک و ئۆپێک پڵەس ناچاربوون بەرهەم کەم بکەنەوە، ئەو بەرهەمە لەسەر عێراق حیسابە و لە دەرەوە کۆتا دانراوە، بۆیە لەگەڵ وڵاتانی ئەندام تووشی کێشە بوون.
رۆژانە دەبێت پێبژاردن (غەرامە) لەئەستۆبگرین لەبەرژەوەندیی لایەنی تورکیا. کارێکی ئاساییە سکاڵا بکرێت لەسەر ئەو ماوەی نەوتمان راگرتووە؛ بەدڵنیاییەوە لایەنی تورکی داوای دەکات، چونکە لەوبارەوە رێککەوتن هەیە و کەمترین رێژەی هەناردەکردن لە رێگەی ئەو بۆرییە دیاریکراوە، بۆیە هەرچەند هەناردەکردنی نەوت رابگیرێت، پێبژاردنی رۆژانەمان دەکەوێتە سەر و لەسەر لایەنی عێراقی تۆمار دەکرێت.
لەبەر ئەو هۆکارانەی سەرەوە؛ حکومەتی فیدراڵی بە هەماهەنگیی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان کاریکردووە لەسەر ئامادەکردنی پرۆژەی هەموارکردنی بڕگەی جیم/ دووەم/ مادەی 12، بۆ دیاریکردنی تێچووی بەرهەم و گواستنەوەی نەوت لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستان، کە راوێژکاری تەکنیکیی نێودەوڵەتیی تێچووی هەر کێڵگەیەکی نەوتی دیاری دەکات.
کۆبوونەوەمان کردووە، یاسای بودجە چۆنیێتی چارەسەرکردنی ئەو کێشەی دیاریکردووە، کە یەکێکە لە کێشە بەردەوامەکان لە هەموو یاساکاندا و کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر پەیوەندیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان و رەنگدانەوەی جەماوەری، بۆیە پلانی چارەسەری کێشەکان هەیە، بەشێوەیەک رێکبخرێت کە هاوتابێت لەگەڵ دەستوور و یاسا.
وەزارەتی نەوتی فیدراڵیی لە حکومەتی پێشوودا لە دادگاکان سکاڵای تۆمارکردووە، بەم دواییانەش دادگای بازرگانی پێداچووەتەوە و باسی ئەوەی کردووە، ئەو گرێبەستانە فەرمین و بڕیاری دادگەی فیدراڵی لەسەر گرێبەستە نوێیەکان جێبەجێ دەبێت، دوای دەرچوونی ئەو بڕیارە، ئەمە یەکێک بوو لەو خاڵانەی ئێمە گوشارمان کردە سەر کۆمپانیاکان بەوەی گرێبەستەکانتان نافەرمییە.
ناکۆک بووین لەسەر بڕی تێچووەکە، وەزارەتی نەوت پێوەری خۆی هەیە و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانیش پێوەری خۆی هەبوو، ئەوەش کێشەیەکی گەورە بوو، بۆیە کەوتینە دانوستاندن، راوێژکارێکی نێودەوڵەتی لە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی کە بەریتانییە لەگەڵمان دا بووە و ئەو تێکستەمان نووسیوە.
دیاریکردنی 16 دۆلار ئەوەیە؛ ئێمە دەمانەوێت لەگەڵ دەرچوونی ئەو یاسایە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوت بکەین. پێویستە ئێمە چەند دەروازەیەکمان بۆ هەناردەکردنی نەوت هەبێت تاوەکو بتوانین رووبەڕووی ئاڵنگاریی و لێکەوتەکان ببینەوە، کە لە هەر ساتێکدا روودەدەن. بۆ ئەوەی دەست بەهەناردە بکەینەوە."
PM:02:58:05/12/2024
ئهم بابهته 1072
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت